گایاتری چاکراورتی ئێسپیواک، یەکێکە لە فەیلەسوفە بە ناوبانگەکانی ئەمڕۆ و لە پاش ئێدوارد سەعید یەکێکە لە دامەزرێنەرانی تێوری پۆست کۆلۆنیالی. ئێسپیواک لە ساڵی ١٩٢٤ لە وڵاتی هێند لە دایک بووە، بۆ خوێندن رووی کردوەتە ئەمریکا و تا چەند ساڵێک لەوەوبەر مامۆستای زانکۆی کۆلەمبیا بەشی ئەدەبیاتی تەتبیقی بوو. ناوبانگی ئێسپیواک یەکەم جار ئەگەڕیتەوە بۆ تەرجەمەو نووسینی پێشەکی لە سەر بەرهەمەکانی درێدا کە وای کرد لە زانکۆ ئێنگلیزی زمانەکاندا، لە ناو ئەوانەی بە دوای تێگەیشتن لە تکێستی درێداوە بوون ناوبانگ دەرکات . هەندێ پێیان وایە ئێسپیواک دەرگایەکی نوێ بۆ فەلسەفە و فیکر لە دنیای غەربدا کردوەتەوە. کایەی کاری ئەم نووسەرە بوارەکانی ئەدبیات و مارکسیسم و فمێنێزم و جیهانی بوون و پۆست مۆدێرنەیە. لە بەر ئەوەی فەلسەفەکەی نزیکە بە درێدا، وەک درێدا خۆی، ئێسپیواک زۆر لەسەر پارادۆکسە دوانەیەکان کاری کردوە. هەم لە گوفتمانی پۆست کۆلۆنیالی وهەم لە گۆفتمانی فێمینیزمدا، پارادۆکسەکان شی ئەکاتەوە و ئەو چەمک و زاراوانەی لە زمانی ئێمپریالیستی و داگیرکەراندا بوونیان هەیە ئەیانخاتە وە بەر پرسیار.
چەمکی سەرەکی و بۆنیادی لای ئێسپیواک، چەمکی "ژێردەستە"-یه. ئێسپیواک ئەم چەمکەی لە ئانتونیو گرامشی وەرگرتوە کە بە ئەو چینە لە کۆمەڵگا ئەوترێ لە ژێر هژمۆنی نۆخبە حاکمەکاندان، چینگەلێ بە هۆی رەگەز و جنس و نەتەوە و دین و ...هتد لە ماڤەکانی کۆمەڵگا بێ بەش ئەبن. ئێسپیواک ئەم چەمکە بۆ سوژەکانی داگیرکراو یا کۆلۆنی کراو بە کار ئەهێنیت، بە تایبەت بۆ خەڵکی هیند کە لە لایەن ئێنگلیزەوە داگیر کراون و دواتریش بۆ ژنانی خۆرهەڵاتی وەک چینێکی ژێردەست و بێ دەسەڵاتی ناو کۆمەڵگاکان. ئیسپیواک باس لەو حالەتە ئەکات کە داگیرکەران و دەسەڵاتە پاتریارکیەکان تا ئەو شوێنە دەنگی ژێردەستانیان خنکاندوە کە ژێردەست ئیتر شوێنێکی بۆ قسە کردن نەماوە. لە کتێبێکدا بە ناوونیشانی "ئایا ژێردەست قسە ئەکات" ئەو پرسە ئەوروژێنێت کە ئایا ژێردەستان ئەتوانن قسە بکەن. ئەو وا بیر ئەکاتەوە کە قسە لە "وتن" و "بیستن" دروست ئەبێ. گەر ژێر دەست بشتوانێ بەسەر مەرج و شەرایتێکی دژواریشدا سەرکەوێ و زمانی بێتە گۆ، ئەوا هیچ کەس نیە بیبیستێ، مەگەر ئەوەی بۆ قسە کردن گفتمانی داگیرکەری سەرکوتکەر خۆی بە کار بهێنێتەوە. دەنگ و قسە پەیوەندییەکی قوڵیان لە گەڵ شوناسدا هەیە. لە واقیعدا قسە و دەنگ دیاردەن بۆ شوناس. تا شوناسی خۆمانمان نەبێت ناتوانین دەنگ و قسەشمان هەبێ و گەریش هەبێ ئەو دەنگە، دەنگی خۆمان نییە و دەنگ و قسەی داگیرکەرە کە لە دەممانەوە دێتە دەرێ. شوناسی هەر کەسێک یا نەتەوەیەک، میژو و کەلتور و زمانیەتی. کاتێک داگیرکەران کتێب و کەلتور و زمانی نەتەوە خۆرهەلاتیەکانیان بە کەشتییەکانیان ئەبردەوە بۆ غەرب، لە واقیعدا دەنگ و شوناسی ئەو نەتەوانەیان لەگەڵ خۆیان ئەبرد و دەنگ و شوناسێکی تریان ئەنایە جێی. کاتێ لە کۆمەڵگای پیاوسالاردا باوکەکان زمان و دەنگ لە ژن ئەسێنن و فەزا و شوێنی قسەی بۆ ناهێڵێن، لەگەڵ ئەوەشدا شوناسی مێ ئەکۆژرێ و دەنگی ئەخنکرێ و گەر دەنگێکیشی هەبێ، ئەوا دەنگی خودی ژن نییە بەڵکو دەنگی کۆمەڵگا و گفتمانی نێرە کە بە سەریدا زاڵە و جارێکی تر لە گەروی ژن دێتەوە دەر. ئەم بۆچونە ئێسپیواک، بەرەو ڕەخنەکردنی مەرکەزاگەرایی ئەوروپی ئەبات، بە دیدی ئێسپیواک ئیمپریالیست و کۆلۆنیالیستەکان جۆرێ لە باڵادەستی (ئبستمولۆژی) یان هەیە بەرەو کرداری بایەخ نەدان و گوێ نەگرتنی بردون لە بن دەستەکانیان. ئەو ئەم دۆخە بە "زەبروزەنگی ئبستمۆلۆژی" ناو ئەنێ. گفتمانی خۆرئاوا بە هۆی ئەوەی لەسەر دابەشکردنی دنیا بۆ دوو تەرەفی "پێشکەوتو" و "دواکەوتو" قەراری گرتوە، ئەوروپا خۆی بە پێوەری پێشکەوتن ئەزانێ، دنیاشی مەحکوم کردوە لەسەر خەتی ئەو و بەدوای ئەودا بروات. ئەمە بۆتە هۆی ئەوەی گفتمانی ژێردەست گوێبیستی نەبێ و کەس گرنگی نەداتێ، چونکێ گفتمانی دنیای بێ زانیاری و بێ پێشکەوتنە.
چەمکێکی تر کە ئێسپیواک باسی لێ ئەکات چەمکی "ئەویدی سازی"-یە. ئاشکرایە ئەم چەمکە لە ئێدوارد سەعیدەوە خوازراو و لە بازنەی باس و خواسی سەر بە پۆست کۆلۆنیالیزمەوە هاتوە بۆ ناو فێمینیزم. وەک چۆن ئێدوارد سەعید پێی وایە خۆرئاوا لە خۆرهەڵات ئەویدیەکی وێنەکردوە، کە لەگەڵ ڕوخساری خۆرهەڵات خۆیدا جوت نایەتەوە. ئێسپیواک وا ئەبینێ فێمینیزمی خۆرئاواش لە چێوەی هەمان گفتمانی پۆست کۆلۆنیالی و ئۆرینتالیستیدا ئەسووڕێتەوە و ژنێکی خۆرهەڵاتی وێنە کێشاوە کە واقعییەتی ژنی خۆرهەڵاتی دەرناخاتەوە. لە روانگای ئێسپیواکەوە "ئەویدی سازی" کارێکە، گفتمانی ئێمپریالیستی بە کاری ئەهێنێت تا سوژەیەکی ژێردەست بە پێودانی ڕوانین و پێویستی خۆی بەرهەم بێنێت. سوژەی ژێر دەستەکان، سوژەی خۆیان نیە، بەڵکو لە دەستکردی سەردەستەکانە و ئەوان سەپاندویانەتە سەریان. ئێسپیواکیش وەکوو ئێدوارد سەعید ئەویدی سازی بەجۆرێکی دیالکتیکی ئەبینێ. سوژەی داگیرکەر خۆشی هەمان کات دروست ئەبێ کە سوژەی داگیرکراو دروست ئەبێت. بەم جۆرەیە کە پەیوەندییەکی نابەرابەر لە رێگای ئەویدی سازیەوە دائەمەزرێ. لەم وێنەیەشدا داگیرکەران و پیاوسالارانی غەرب، شوناس و گوفتمانیان بۆ چینی ژیردەست و ژنان و خەڵکی کۆلۆنیال کراو بەرهەم هێناوە. ئیسپیواک پێ وایە فێمینیزمی غەربیش بە جۆرێک لە جۆرەکان وەک گفتمانێکی داگیرکەر لە گەڵ ژنی خۆرهەڵاتدا ئەجوڵێتەوە. هەتا لە جێیەک بە گاڵتەوە ئەو بابەتە دیاری ئەکات کە فەرهەنگ و سینەما و ئەدەبیاتی خۆرئاوا زۆر لەسەر ئەو بابەتە ئیشیان کردوە کە چۆن پیاوی سپی، ژنی ئەسمەر لە پیاوی ئەسمەر ڕزگاربکا. بۆ ئەم مەبەستەش هێندێ لە بەرهەمی ئەدەبی فێمینیزمەکان وەک نموونە ئەهێنیتەوە کە تێدا رۆڵی کارەکتەرەکانیان گفتمانی فێمینیزمی ژنی خۆرئاوا بۆ ژنی خۆرهەڵاتی بەرهەم دێننەوە. ژنی خۆرئاوا بۆ ئەوە شوناسی خۆی بۆنیاد بنێ، ژنی خۆرهەڵاتی ئەکاتە قوربانی و سەرکوتی ئەکا، بەوەی دەنگ و ڕەنگ و تێگەیشتنی خۆی ئەخاتە بری ژنی خۆرهەڵاتی و ئەوەی خۆی بە مافی ژنی ئەزانێ، بە گفتمانی ژنی ئەزانێ، ئەیسەپێنێ بەسەر ژنی تەواوی دنیادا. لەم بابەتەشدا ئێسپیواک یەکێک لە بابەتە هەستیارەکان ئەوروژێنێ، کە دەمێ ساڵە جێگای باس و خواسە، ئەویش پەیوەندی ژێندەر و ڕەگەزە. بە جۆرێ ئەشێ وابێ لە جێیەک ژن وەک ڕەگەز و فێمینیزم وەک رەگەزپەرستی دەرکەون. ئێسپیواک خۆی نزیکایەتی فیکری لەگەڵ ئەو سەیرکردنە فێمینیستیە هەیە کە بەناوی "فێمینیزمی ڕەش" ئەناسرێ. ژنانی ڕەش یەکەمین تاقمێ بوون ڕەخنەیان لە گفتمانی "خوشکایەتی" نێو فێمینیزم گرت. فێمینیستەکان لە نێوان ساڵانی شەست بۆ هەشتا، زۆر پێداگریان لەوە ئەکرد ژنانی دونیا یەک شتن و ژن لە هەر جێگایە بێ، هەر ژنە و ئەوەی پێکیانەوە ئەبەستێ "خوشکایەتیە"، و بەوەش باسیان لە خوشکایەتی نێوان ژنانی هەموو دنیا ئەکرد. ئەم گفتمانە لای ئێسپیواک ئەدرێتە بەر ڕەخنەی توند. بە دیدی ئێسپیواک ژن وەک سوژەیەکی گشتی و یەکڕەنگ بوونی نیە. شتێ نیە ناوی ژن بێت بە گشتی، ژن لە جێگایەکدایە، شەرایت و جەریاناتی ئەو جێیەیە واتای ژن بوونی دیاری ئەکەن. ژنێکی سپی پێست کە لە زانکۆیەکی ئەمریکا ئەخوێنێ، هەمان ژن نیە کە لە گوندێکی ئەفغانستاندا مەینەتی ئەکێشێ. بە بڕوای ئێسپیواک، ژن لە موحیتی خۆی جیاناکرێتەوە تا سوژەیەکی جیهانی بۆ دروست بکرێ. ژن ئەبێ لە چێوەی نەتەوەکەی، شوێنەکەی، چینەکەی، مەزهەبەکەیدا ببینین، چونکە ژنێکی سەر بە چینێکی هەژار گفتمان و قسەیەکی هەیە جیا لە گفتمان و کێشەی ژنێک سەر بە چینە زەنگینەکان. گفتمانی فێمینیستی کاتێک قسە لە ژنێکی جیهانی ئەکەن، جیاوازی و خسوسیەتی ژنان لەدەرەوەی غرب ئەسڕنەوە و یەک وێنە بۆ ژن دائەنێن کە لە خۆرئاوا و زانکۆکانیدا وێنەیان لێ کێشاوە.
بە بڕوای ئیسپیواک جەریانی فێمینیزم لە خۆرئاوا هەرچەند یەکێ لە گەورەترین بزوتنەوە رزگاری خوازەکانی سەدەی بیستم بووە، بەڵام لە بارەی ژنانی جێهانی سێهەمەوە بە هەڵەدا چووە. ئێسپیواک پێوایە هەرچەند فێمینیزمی خۆرئاوا هەوڵی داوە هەم زمانی ئەوانە بێت کە زمانی قسەیان نییە و هەم رێگایەکیشیان بۆ بدۆزێتەوە بۆ قسە کردن، بەڵام لەم رێگایەدا پەلەی کردوە و بە هەڵەدا رۆیشتوە. فێمینیزمی غەربی نەیتوانیوە تێبگا لە ژنی دەرەوەی غەرب. هەمان نوسخە "رەچەتەی" بۆ ژنی خۆرهەڵات نووسیوە کە بۆ ژنی خۆرئاوا نووسیوێتی. لەم وێنەدا ژنی خۆرهەڵاتی، یان ژێردەستێکی بێ دەسەڵاتە کە لە ژێر فەرمان و حوکمی باوک و مێرد و کۆت و بەندە کۆمەڵایەتییەکاندا ئەسیرە، یان خراپتر لەوە خۆی وردە وردە بووەتە فەرمانبەرێکی ناو سیستمی حاکم و بە بەشێک لە هۆی سەرکوتی خۆی یا ئەبێتە شورشگێرێکی قین لە دڵ و تۆلەسێن کە هەموو نۆرم و ههنجار و نەزمێکی کۆمەڵگا رەد ئەکاتەوە. فێمینیزمی خۆرئاوا ئەیەوێ ژنی خۆرهەڵاتی وەک خۆی لێ بکا. دەقیق لێرەوەیە کە ئیسپیواک رەخنە ئەگرێ و دەڵێ هەوڵدان بۆ یەک رەنگ کردنی ئەوانی تر لە گەڵ خۆمان، بنەما و بۆنیادی کار و نیازی ئێمپرالیستییە. ئێمپریالیستەکان هەوڵیان بووە وڵاتانی داگیرکراو بۆیەکاری بکەن و رەنگی خۆیانی لێ بدەن. کاری ئێمپرالیستیش، توانا و هێز نابەخشێتە ژێردەست، بەڵکو ژێردەستێکی نوێی لێ دروست ئەکات. فێمینیزمی غەربی بەرای ئێسپیواک دەنگی ژنی خۆرهەڵاتی ئەخنکێنێ. لە دەرەوەی موحیتی راستی خۆی تەماشای ئەکا و وێنەی ژنێکی جیهانی بەسەریدا ئەسەپێنێ کە دوورە لە ژنی خۆرهەڵاتی خۆیەوە.
ئێسپیواک هەوڵی ئەوە ئەدات تا تێبگات دەنگ و قسەی ژنی خۆرهەڵاتی کامەیە؟ پێی وایە ئەو دەنگ و زمانەی فێمینیزمی خۆرئاوا ئەیدات بە ژنی شەرقی و ئەو ستەمەی کۆمەڵگای ستەمگەری جیهانی سێهەم لە ژنی ئەکات، هەردوو بە قەد یەک زوڵم لە ژنی خۆرهەڵات ئەکەن و هیچکامیان دەنگ و زمانی ژنی شەرقی نییەن. فێمینیزمی خۆرئاوا ئەیەوێت ژنی شەرقی فەردیەتی خۆی لە کۆمەڵگادا بسەلمێنێ و هەر ماف و شتێکی لێ سەندراوە، بە هەر نرخێک بووە وەریان گرێتەوە، بەڵام ژنی خۆرهەڵات خۆی لە شەرایتێکدا ئەژی ئەم گفتمانە هیچ چەشنە پەیامێک رۆشن بەو ناگەێنێ. لەولایشەوە کۆمەڵگای ستەمکار داوا لە ژنی خۆرهەڵاتی ئەکات هەمیشە ژێر دەست بێت و گۆڕانکاریەکانی جیهان کاریگەریان لە سەری نەبێ و بەردەوام رازی بێت بەو دۆخەی تێدا ئەژی. بەڵام ژنی خۆرهەڵاتی ئەمەشی ناویت و نە حەزی لە تۆڵەسەندنە و نە ئەیەوێت دۆخەکەش بەو جۆرەی کە هەیە بمێنێتەوە. ئێسپیواک ئەوە مەبەستییە بڵێت بۆ یارمەتی دان و چارەکردنی کێشەی کەسێک سەرەتا ئەبێ لە کەسەکە تێبگەین، ئەگەر وا نەبێ زیاتر لەوەی یارمەتی بدەین زەرەری پێ ئەگەینین. ئەبێ پێش ئەوە دەرمان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ژنان بنووسین، رێگا چارەکانی خۆیان، شێوەکانی بەرەنگاری و شەڕکردنیان ، مێژویان، خواستەکانیان و ئارەزوەکانیان و ژیانیان بەو جۆرەی خۆیان تێی ئەگەن لەبەر چاو بگرین. تەنیا دوای ئەم قۆناغەیە ئەتوانین بە دوای چارەسەردا بین. فێمینیزم بە شێوازە خۆرئاوایەکەی، بەردەوام چارەسازی بۆ نەخۆشیەک ئەکا کە هێشتا تێی نەگەیشتوە و نازانێت چیە. ئێسپیواک کێشەی ژن بە تەنیا ناگێرێتەوە بۆ خودی ژن بوون. ژن تەنیا وەک ژن سەیر ناکات، بەڵکو وەک بەشێک لە گفتمانی کۆمەڵگا سەیری ئەکات. بۆ ئەوەی تێیبگەین ئەبی کێشەکانی جیا بکەینەوە لە خۆدی ژن. ئەبێ ئەو شوێنەی تێیدا ئەژی بە باشی بناسرێت. کێشەی ژن تەنیا لە ڕەگەزەکەیدا کورت نابێتەوە، بەڵکو هەڵگری سیفەتەکانی ئەو جێ و کلتورەشە کە تیا ئەژی.
گەر لەم روانگە پۆست کۆلۆنیەوە سەیری کێشەی ژن بکەین لە کوردستان، ئەبینین ئەوانەی لە بواری ژندا ئیش ئەکەن، بەجۆرێک لە جۆرەکان ئەچنە ژێر خانەی ئەو گفتمانەی ژن سەرکوت ئەکا. ئەوان یەک وێنەی ژنیان لایە، وێنەی ژنێک کە دواجار فێمینیزمی خۆرئاوا کێشاوێتی. وێنەیەک هەموو وێنەکانی تری ژن ئەسرێتەوە. ئەوان گفتمانێک بەسەر ژندا ئەسەپێنن کە زۆر ئۆرینتالیستە و ژنی کورد خۆی تەواو بێدەنگ ئەکات و لە شەرایتی دەوروبەری دای ئەبڕێ. ژن بوونەوەرێکە وەک ئێسپیواک ئەڵێ، جیاناکرێتەوە لە جێی خۆی، لە چینەکەی، لە شوێنی نەتەوەکەی. گفتمانی ژنێکی کورد ناتوانێ وەک گفتمانی ژنێکی تورک بێ لە ئەستەمبول یان ژنێکی فارس لە قۆم. خوشکایەتی فێمینیزمی بە خنکانی ژنە ژێردەست و بێ زمانەکان تەواو ئەبێ. ژنی کورد لە ناو خۆشیدا شتێکی هۆمۆژین نیە، جیاوازی زۆر لە نیوان ژناندا هەیە. گفتمانێ نیە بتوانی زمان حاڵی ژنانی چەوساوە و بەشمەینەت بێ و زمانحاڵی ژنی چینە دەوڵەمەندەکانیش بێ. ژنی ئەو جێگایانەی کە توشی کارەسات و جەنگ هاتون گفتمان و زمانێکیان ئەوێ کە قسە و باسی ژنانی شارەکان نین. لەو جێگایانە کە ستەمی نەتەوەیی زۆرە، مەسئەلەی ژن جۆرێکی تر ئەنوێنێ، وەک لە جێگایەک ئەو ستەمە بوونی نەبێ. فێمینیزمی کوردی کەوتۆتە هەمان هەڵەیەک کە ئێسپیواک پەنجەی ناوەتە سەر. کاتێ باسی ژن ئەکرێ، ژنانێک لە ئوروپا تەحسلیان کردوە، لەوێ ژیاون خۆیان بە ژنانێ بەراورد ئەکەن کە لە گوندە دوورەکان و لە نێوچە هەژارەکان ئەژین. لەسەر ڕۆشنایی سەرنج و دیدی ئێسپیواکدا ئەکرێ بڵێین شتێکیش نیە بە عمومی ناوی ژنی کورد بێ. ژنی کورد بوونێکی هۆمۆژینە نیە، تا بە یەک گفتمانی عمومی باسی لێوە بکرێ.
نظرات
ارسال یک نظر