لیسبێت لارسۆن
وه‌رگێران: تیشكه مه‌ره‌سه‌نه
که‌یت میلێت له پێشه‌کی کتێبی سیاسه‌تی سێکسوال (1969) نوسیبووی "من ئیشم له‌سه‌ر ئه‌و پێشفه‌ڕزه کردووه که ده‌بێت فه‌زایه‌ک هه‌بێت بۆ ڕه‌خنه‌یه‌ک که حیساب له‌سه‌ر لایه‌نی کولتوری و شوێنی له‌دایکبوون و نووسینی ئه‌ده‌بیات ده‌کات".
نامه‌ی دکتۆراکه‌ی که‌یت میلت که له‌سه‌ر تیۆری ئه‌ده‌بیات بوو له نه‌و‌عی(شێوه‌ی) خۆیدا شتێکی تازه بوو. ته‌نێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نا که به ئاگاییه‌وه باس له ئه‌و نامێژووبوون و سه‌ربه‌خۆیی ده‌قی ئیدیال ده‌کات که زاڵبووه به‌سه‌ر ئه‌و بواره‌دا له سه‌رده‌می دوای شه‌ڕدا، به‌ڵکو له پێش هه‌موو شتێکه‌وه له‌به‌ر ڕوانگه‌ی سیاسیی جنسیی ئه‌و و له‌به‌ر وزه‌ی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری ئه‌و که له ده‌قه زانستییه‌که‌یدا ده‌ریبڕیوه.
له سیاسه‌تی سێکسوال به وردییه‌کی له ڕاده‌به‌ده‌روه تاوتوێی ئه‌وه‌ی کردبوو که له‌ناو ئه‌و سازییه ئه‌ده‌بییه‌ی که هه‌یه چۆن به‌شێکی زۆر له نووسه‌ره پیاوه به‌رزنرخێندراوه‌کان باسیان له ژن و سێکسوالیتێت کردوه. زۆر که‌س نامه‌ی دوکتۆراکه‌ی میلێتیان وه‌ک هێرشی له پێشه‌وه‌کراو نه ته‌نیا بۆ سه‌ر ئه‌و کانوونیبوونی ئه‌ده‌بییه و ئه‌و ئه‌نجومه‌نی زانستیه‌ی که هه‌یه ده‌دیت، به‌ڵکو هه‌روه‌ها وه‌ک ده‌ربڕینێک یان هه‌ڵوێسته‌یه‌کی ئاشکرای سیاسیشیان ده‌دیت. میلێت په‌یوه‌ندی خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌و ئیدیاله زانستییه زاڵانه پچراندبوو، ئه‌وه‌ش به جه‌ختکردن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له ناو تێکسته‌کاندا چی ده‌گوترێت تا ئه‌وه‌ی چۆن ده‌گوترێت، له رێگای دووباره دروستکردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی له نێوان ژیان و شێعردا که له تیۆریی ئه‌ده‌بیی باو و جێگرتوودا پچڕابوو. به‌ڵام ئه‌وه‌ی میلێت له‌پێش هه‌موو شتێکه‌وه کردبووی ئه‌وه بوو که په‌یوه‌ندی خۆی له‌گه‌ڵ ئیدیالی مه‌وداگرتوو، ناشه‌خسی و به‌ئۆبژره‌کراوی زانستی پچڕاند، میلێت ئه‌وه‌شی له ڕێگای ده‌ربڕینی ئازادانه‌ی سه‌رسامی و ئازاره‌کانی خۆی به‌ڕێوه برد. نامه‌ی دکتۆراکه‌ی که‌یت میلت ده‌روازه‌یه‌که بۆ چوونه ناو لێکۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیستی. ئه‌م به‌رهه‌مه هه‌تا ئێستاش له چه‌شنی خۆیدا شتێکی شاز و دانسته‌یه و ڕوانگه‌ی ڕه‌خنه‌ی کولتوری و هۆگریی به‌سنووربه‌زاندنی زانستییانه به‌یه‌که‌وه گرێ ده‌دات.
به‌مجۆره ئه‌م به‌رهه‌مه بوارێکی لیکۆڵینه‌وه نوێنه‌رایه‌تی ده‌کات، بوارێک که سه‌ره‌ڕای مێژووی کورتی خۆی گه‌شه‌کردنێکی به‌ربڵاو و پڕ ناوه‌رۆکی به‌خۆوه بینیووه. ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیستی که من ئه‌و ناوه‌م بۆ ئه‌و بواره راسته‌وخۆ له ئینگلیزییه‌وه وه‌رگێڕاوه، له‌وێدا چه‌مکی "ره‌خنه" که مانایه‌کی به‌رفراوانتری هه‌یه به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌و مانا باوه‌ی که له زمانی سوێدیدا هه‌یه‌تی، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر مرۆڤ به‌رفراوانبوونه‌که له ڕوانگه‌یه‌کی نێونه‌ته‌وه‌ییه‌وه ته‌ماشا بکات ده‌زانێت که یه‌کێک له به‌شه هه‌ره گرنگه‌کانی تیۆری ئه‌ه‌بی له‌و ده‌یانه‌ی دواییدا ره‌خنه بووه. ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیستی به‌هۆی پێناسه‌کردنه‌وه به‌رده‌وامه‌کانی خۆی و له ره‌خنه بنه‌ره‌تییه ئاراسته‌کاروه‌کانیدا به زۆر شێوه‌ی جیاواز سازکردنی تیۆری ئه‌ده‌بی به‌ره‌و پێشه‌وه بردووه.
هاوکات ئه‌و لێکۆڵینه‌وه دیاریکراوانه‌ی که له‌سه‌ر ده‌ق و نووسه‌ر کراون سه‌رکه‌وتنێکی به‌رچاویان به‌ده‌ستهێناوه. نامه‌گه‌لی دکتۆرا، لێکۆڵینه‌وه و به‌تایبه‌تی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی که له‌سه‌ر مێژوویی ئه‌ده‌بیات به مۆرکی فێمینیستیه‌وه نووسراون به به‌رده‌وامی سه‌رنجراکێش بوونه، نه ته‌نیا له ئاستی ئه‌کادیمیدا به‌ڵکو به‌ڕاده‌یه‌کی زۆر له ده‌ره‌وه‌ی دنیای ئه‌کادیمیش سه‌رنجیان راکێشاوه. زاراوه‌ی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیستی له حه‌فتاکاندا جێگای خۆی دا به لێکۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیاتی ژنان، که ئه‌ویش به نۆره‌ی خۆی له کۆتایی هه‌شتاکاندا جێگای خۆی دا به لێکۆڵینه‌وه‌ی ژێندار. ئه‌م جێگۆڕکێ زاراوه‌ییانه ئه‌و گۆڕانکارییه رادیکاڵ و تیۆریانه که له‌و مه‌یدانه‌دا کراون، نیشان ده‌دات. له‌وێدایه که ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیستی
میلێت قورساییه‌کی زۆری خسته سه‌ر ڕه‌خنه‌کردنی سێکسیزم له کۆمه‌ڵگای سه‌رده‌م دا و له ده‌قی نووسه‌رانی پیاودا. لێکۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیاتی ژنان که هه‌ر به ناوه‌که‌ی ڕا دیاره که جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌ده‌بیاتێک ده‌کرد که ژنان نووسیویانه و له ڕوانگه‌ی جیاوازه‌وه هه‌ڵسه‌نگێندراوه.به‌ڵام له لێکۆڵینه‌وه‌ی ژێنده‌ردا زیاتر ته‌رکیز ده‌خرێته سه‌ر چۆنییه‌تی دروستبوونی جنس و شوناسی جنسی به‌هۆی گوتاری زمانی و کولتوری.میتۆدی که‌یت میلێت ڕه‌خنه‌ی ئایدۆلۆژییانه بوو. ئه‌و حه‌زی ده‌کرد ئه‌و ئایدۆلۆژیایانه به‌رچاو بخات و حاڵی بێت له‌و تێگه‌یشتنه ناراست و درۆزنانه‌ی که ده‌رباره‌ی ژنان و سێکسوالیتێت له ئارادا بوون، که له‌لایه‌ن نووسه‌رانی پیاوه‌وه نووسرابوون، نووسه‌رانێک که ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی و مێژووی ئه‌ده‌بی خستوونیه ناوه‌ند. بچووکترین ژێری هاوبه‌ش له‌م بواره‌شدا سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی گۆڕانکارییه‌کان بریتی بووه له ڕه‌خنه‌گرتن له‌و ڕێکه‌وتنه زاڵانه‌ی که له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ مه‌سه‌له‌ی جنس به‌گشتی و مه‌سه‌له‌ی ژنییه‌تی به‌تایبه‌تی له ده‌قه‌کاندا ده‌رده‌بڕدرێن و ده‌ئافرێندرێن. به‌رهه‌مێکی دیکه‌ی سونه‌تی له‌و باره‌وه کتێبه‌که‌ی مه‌ری ئێلمانه به‌ناوی بیرکردنه‌وه ده‌رباره‌ی ژنان Thinking About Women 1968، ما‌ری ئێلمان له‌و کتێبه‌یدا چۆنییه‌تی تێکچڕژاوی کولتوری ئێمه‌ی نیشان دابوو که له ڕێگای بیرکردنه‌وه له قیاسه سێکسوالییه‌کان دایه و هاوکات باسی له نامه‌نتیقبوون و نائاساییبوونی ئه‌و شێوه بیرکردنه‌وه‌یه کردبوو. ئێلمان به‌گاڵته‌جارییه‌وه باسی ئه‌و ستێریۆتیپانه ده‌کات که تا ڕاده‌یه‌کی زۆر نووسه‌رانی پیاو و ره‌خنه‌گران سه‌باره‌ت به ژنان نووسیوویانه و ده‌ینووسن، ئه‌و ستێریۆتیپانه بریتین له بێفۆڕمی، پاسیڤیزم، ناسه‌قامگیری، سنورداری، شێوه‌داری، ماتریالیزم، روحانیبوون، ناعه‌قڵانییه‌ت و وه‌پشتگوێدراو. شتێک که دواجار به‌تایبه‌تی ده‌توانرێت باسی لێ بکرێ وێنه‌ی ئه‌و سێحربازه له‌چاره‌نه‌هاتووه‌ی که له نووسینی پیاوان و ره‌خنه‌کانیاندابه‌رجه‌سته کراوه له ژن.
تایبه‌تمه‌ندی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیستی له قۆنا‌غی ده‌ستپێکیدا بریتی بوو له خوێندنه‌وه‌ی شکئامێز و ناره‌فیقانه‌ی ئه‌ده‌بیات و ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی باو. مه‌به‌ستی ئه‌م جۆره ڕه‌خنه‌یه بریتی بوو له له‌هه‌ڵادانی ده‌قگه‌لی باو و خۆپاراستن له‌م ده‌قانه. له کتێبی خوێندنه‌وه‌ی به‌رهه‌ڵستکار The Resisting Reader 1978جۆدیس فیتێرلی کاریکی زۆری کردبوو له‌سه‌ر ئه‌و پرۆگڕامه‌ی که نابێ ته‌نیا هاوبیری له‌گه‌ڵ ئه‌و تێکستانه دابکرێت که هی پیاوان و تێکستی به‌رجه‌سته و به‌ناوه‌ندکراون، به‌ڵکو ده‌بێ دژخوێندنه‌وه‌ش هه‌بێت، واتا هاوبیرنه‌بوون له‌گه‌ڵ ئه‌و جیهانه‌ی که ده‌قه‌کان به‌رجه‌سته‌ی ده‌که‌ن. به‌گوته‌ی فیتێرلی ئه‌و تێکستانه خوێنه‌ری ژن مه‌جبوور ده‌که‌ن که "له‌و ئه‌زموونانه‌دا به‌شداری بکات که ژن خۆی به ئاشکرا نیه‌تی و لێی بێبه‌شه."ره‌خنه گرتن له‌و وێنانه‌ی ژن که زه‌ینییه‌تی نووسه‌رانی پیاو سازی کردوون، ڕه‌وتێک که به "دیمه‌نی ڕه‌خنه‌ی ژنانه" ناوزه‌د کرا، بوو به ده‌ستمایه‌کی سنووردار له ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیستیدا. هه‌ر زۆر خێرا هۆگریی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیستی ده‌چێته سه‌ر نووسه‌رانی ژن. مرۆڤ پرسیاری له خۆی ده‌کرد تۆ بڵێی نووسه‌رانێکی ژن هه‌بن و ئه‌گه‌ر هه‌شن بۆ نه‌هاتوونه‌ته ناو ئه‌و مێژووی ئه‌ده‌بیاتانه‌ی که نووسراوون؟ ئایا ژنان ئه‌وه‌نده خراپیان نووسیوه که بۆته هۆکاری ناونه‌هاتنیان له مێژووی ئه‌ده‌بیدا؟ یان به شێوه‌یه‌کی جیاواز نووسیوویانه؟ تۆ بڵێی نۆرمه کولتورییه‌کانمان و پێوه‌ره‌کانمان بووبێتنه هۆکاری نه‌بینینی ئه‌و ده‌قانه و به‌مانایه‌کی مێتافۆری بوونه هۆکاری ئه‌وه‌ی ئه‌م ده‌قانه شیاوی خوێندنه‌وه و لێتێگه‌یشتن نه‌بن؟ ئه‌و پرسیارانه بوونه هۆی کرانه‌وه‌ی بوارێکی لێکۆڵینه‌وه‌ی ته‌واو نوێ و به‌نرخ له تیۆری ئه‌ده‌بیدا.
له زنجیره لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ک له‌و بواره‌دا کۆمه‌ڵێک نووسه‌ری ژن که پێشتر ناسراو بوون هه‌ڵسه‌نگێندرانه‌وه و لێکۆڵینه‌وه‌ی تازه‌یان له‌سه‌ر کرا، نووسه‌ره له بیرکراوه‌کان هێندرانه به‌ر باس و تواناییان پێ به‌خشرایه‌وه. مرۆڤ ده‌ستی کرد به گه‌ڕان به‌دوای ترادیسۆنی ئه‌ده‌بی ژنان، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ره‌خنه‌گری وه‌ک ئێلێن مۆرس له کتێبی ژنانی ئه‌دیب Literary Women 1976باسی له‌و ترادیسۆنه کردبوو و پاشان ئێلین شواڵتێر له کتێبی ئه‌ده‌بیاتی خۆیان A Literature of Their Own 1977هه‌مان کاری کردبوو. مرۆڤ لێکۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر گێڕانه‌وه و تایبه‌تمه‌ندییه ژنایه‌تییه‌کان کردبوو. به بۆچوونی شواڵتێر و مۆرس ترادیسۆنێکی دیکه هه‌بووه که جیاوازه له‌و ترادیسۆنه پیاوانه که له مێژووی ئه‌ده‌بی باودا نیشاندراوه، ترادیسۆنێک که تێیدا نووسه‌رانی ژن "به‌رده‌وامییه‌کی خیاڵیان" پێکهێناوه‌و که تێیدا ئۆلگو، تێما و کێشه‌کان نه‌وه به‌دوای نه‌وه‌دا، به‌رده‌وام دووپات ده‌بوونه‌وه (شواڵتێر،1977).ئێلین شواڵتێر ده‌ورێکی سه‌ره‌کی هه‌یه له نیشاندانی ئه‌و ده‌ستمایه زۆره‌ی له ناو ئه‌ده‌بیاتی ئه‌نگلۆساکسی ژناندا هه‌یه.
شواڵتێر له کتێبی ئه‌ده‌بیاتی خۆیان A Literature of Their Own 1977دا خوێندنه‌وه‌یه‌کی ڕه‌سه‌ن و به‌گشتی به‌ره‌وپێشچووی له مێژووی ئه‌ده‌بی ژناندا هه‌بووه. شواڵتێر مێژووی ئه‌ده‌بی ژنانی به‌سه‌ر سێ قۆناغدا دابه‌ش کردبوو، که بریتین له "ژنایه‌تی" (feminine)،"فێمینیستی" (Feminist) و "ژنێتی" (female)، شواڵتێر ده‌یهه‌وێت نیشانبدات که چۆن ژنان خۆیان به شێوه‌یه‌کی که‌م یا زۆر ره‌سه‌ن ده‌ربڕیوه. له قۆنا‌غی یه‌که‌مدا واتا "ژنایه‌تی"دا نووسه‌رانی ژن له‌ژێر کارتێکه‌ری گێڕانه‌وه‌کانی نووسه‌رانی پیاودا بوون و لاسای ئه‌وانیان ده‌کرده‌وه، به‌ڵام نووسه‌رانی ژن گێڕانه‌وه‌ی خۆیان له قۆنا‌غی دووه‌م، واتا";فێمینیستی"دا له ڕێگای دژایه‌تیکردن و شۆڕشکردن دژی پیاوان شکڵ پێدا. قۆنا‌غی سێیه‌م که شواڵتێر به "ژنێتی" (female) ناوی ده‌بات سه‌ره‌تایه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵانی نێوان شه‌ڕی یه‌که‌م و دووهه‌می جیهانی، له‌وێدایه که ژنان به بۆچوونی شواڵتێر ئازادن بۆ خۆدۆزینه‌وه و بۆ گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاتی خۆیان. له‌هه‌مانکاتدا لێکۆڵه‌ره‌وه‌ی ئه‌ده‌بیاتی ژنان بۆ نموونه شواڵتێر و مۆرس باسیان له‌وه ده‌کرد که به‌سه‌رهاتی ژنان له کولتوردا به‌زۆر شێوه‌ی جیاواز بێده‌نگکرابوو و ئیمکانات و هه‌لومه‌رجی ژنان بۆ خۆ ده‌ربڕین زۆر سنووردار کرابوو، سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌وانه‌ش ژنان جێگای باشیان له لێکدانه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی و نووسینی مێژوودا گرتووه. ساندرا گیلبێرت و سوسه‌ن گیوبار له کتێبی "ژنی شێتی ناو خه‌ڵوه‌تی" The Madwoman in the Attic 1979دا تیۆرییه‌کی جوانیناسییان فۆرمۆله کرد که
له‌وێدا گرنگیه‌کی زۆریان دابوو به جێگا و شوێنی ژنان که به‌شێوه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی و کولتوری ژێرده‌سته‌ن. له کۆمه‌ڵگایه‌کدا که له بنه‌ڕه‌ته‌وه نکۆڵی له هه‌بوونی ژن ده‌کات، چ وه‌ک تاک چ وه‌ک نووسه‌ر، ده‌بێ به‌سه‌رهاتی ئه‌وان هه‌میشه دوولایه‌نه بێت، به‌واتایه‌کی تر ده‌بێ هه‌م لایه‌نی مرۆڤایه‌تی هه‌م لایه‌نی ژن بوون تێیدا ڕه‌نگبداته‌وه.
گیلبێرت و گیوبار بۆ ئه‌وه‌ی تایبه‌تمه‌ندی ده‌قی ژنان ده‌ستنیشان بکه‌ن چه‌مکێک به ناوی پالیمپسێست Palimpsest به‌کار دێنن.گیلبێرت و گیوبار له‌و باوه‌ڕه دابوون که ده‌قگه‌لی ژنان دروست هه‌روه‌ک پالیمپسێست بریتییه له دوو توێژاڵ، که تێیدا ده‌قی ژێره‌وه‌ی یان ده‌قی سه‌ره‌کی داپۆشراوه و که‌وتۆته ژێر نووسراوه‌یه‌کی تر. له گێڕانه‌وه‌ی ده‌قی ژناندا که ته‌واو له‌به‌رده‌ستدان و خۆیان له‌گه‌ڵ نۆرمه که‌لتورییه‌کان رێکخستووه به‌رده‌وام تێکستێکی تر له‌ودیو نۆرمه‌کان هه‌یه که سه‌ربزۆزانه‌یه.هه‌رچه‌ند ئه‌م توێژاڵه شاراوه‌یه,به‌ڵام ده‌توانێت هه‌رچۆنێک بێت هه‌ستی پێ بکرێت. گیلبێرت و گیوبار بۆ به‌هێزکردنی ئه‌و تێزه‌ی خۆیان که له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌ی پێکرا نموونه‌یه‌کی پڕ به پێست دێننه‌وه، نموونه‌ی به‌رجه‌سته‌ی ئه‌وان بریتییه له " ژنی شێتی ناو خه‌ڵوه‌تی"The Madwoman in the Atticکه له رۆمانه‌که‌ی جه‌ین ئێر-ی شا‌رلۆت برۆنتێ وه‌رگیراوه.دیاره ناوی کتێبه‌که‌شیان هه‌ر له‌و رۆمانه وه‌رگرتووه. له‌و رۆمانه‌دا پیاوه‌که ژنه شێته‌که‌ی خۆی (خودی ژێرینی جین)ی له هه‌وره‌بانه‌که شاردۆته‌وه، به‌ڵام ئه‌و ژنه شێته به قیژه‌یه‌کی له‌ناکاو که به هه‌موو ژووره‌که‌دا بڵاو ده‌بێته‌وه هه‌ستی جین و پیاوه‌که تێکده‌دات. به باوه‌ڕی گیلبێرت و گیوبار هه‌روه‌ک له‌و رۆمانه‌دا دیاره هه‌میشه ژنێکی شێتی تووڕه‌ی سه‌ربزێوی شاراوه له تێکستی ژناندا هه‌یه، که قیژه‌که‌ی هه‌ر وه‌ک قیژه‌ی ژنه شێته‌که‌ی رۆمانی برۆنتێ جارجار ده‌بیسترێ و ئه‌وه ئه‌رکی ئه‌ده‌بیاتناسی فێمینیسته که گوێی لێبگرێ و ئه‌و ده‌قانه لێکداته‌وه که ئه‌م گێڕانه‌وانه له خۆ ده‌گرێت.به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ ده‌قی پیاوان ده‌قی ژنان به‌رده‌وام به هۆگری و هه‌ستیاری ده‌خوێندرانه‌وه. ئێلین شواڵتێر له وتارێکیدا به‌ناوی "ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیستی له زه‌ویی به‌یار" (1981) دا له کتێبی تیئۆری ره‌خنه‌ی مۆدێرن(1991) دا بوو بۆ ئه‌و شێوه خوێندنه‌وه‌یه چه‌مکێکی تایبه‌تی دانا به‌ناوی "ره‌خنه‌ی ژێندری" gynokritik. کاری ئه‌و چه‌مکه تازه‌یه به‌گوته‌ی شواڵتێر ئه‌وه‌یه که به‌دوای ده‌ربڕین یان گێڕانه‌وه‌ی ژنانه‌دا بگه‌ڕێت.
هه‌رچی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌رچه‌مکی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیسستی، شواڵتێرحه‌زی ده‌کرد که بۆ خوێندنه‌وه‌ی ده‌قی پیاوان به‌کاری بێنێت، خوێندنه‌وه‌یه‌ک که باس له جێ و ئه‌و زوڵمه بکات که له ژنان ده‌کرێ له‌ناو ده‌قی پیاواندا. له هه‌مان وتاردا شواڵتێر مۆدێلێکی پێشخست که به هاوکاری ئه‌و مۆدێله به‌دوای پاساوێک یان هۆیه‌ک ده‌گه‌ڕا بۆ دوو‌مانایی ده‌قی ژنان له کولتوردا. بۆ ئه‌وه شواڵتێر که‌ڵکی له مۆدێلی خه‌ڵکناسی یان مرۆڤناسی Social anthropologyئێدوین ئاردینێر Edwin Ardenerوه‌رگرتبوو. له‌و مۆدێله‌دا ده‌بینرێت که چۆن دوو کولتوری هاوکات به‌سه‌ریه‌کدا هه‌ن، یه‌کیان کولتوری سه‌رده‌ست یان زاڵ و ئه‌ویتریان کولتوری بنده‌ست، ئه‌و دوو کولتوره به‌رده‌وام یه‌کتر ته‌واو ده‌که‌ن. ئه‌و بازنه‌یه‌ی که ئاردینێر له مۆدێلی خۆیدا کێشاویه‌تی سیمبۆلێکه بۆ ئه‌و کولتوره سه‌رده‌ست و زاڵه‌ی که کولتورێکی پیاوانه‌یه.
به گووته‌ی شواڵتێر، ئه‌و کولتوره زاڵه کولتوری ژێرده‌سته‌ی که له‌و حاڵه‌ته‌دا به کولتوری ژنان ناوزه‌د ده‌کرێ داگیرکردووه و دایپۆشیووه. ئه‌و کولتوره زاڵه به‌م شێوه‌یه ڕێگا ده‌گرێت له کولتوری ژێرده‌ست و خۆ ده‌ربڕینی ئه‌و کولتوره. ئه‌و دوو بازنه کولتورییه به‌و ڕاده‌یه ئابستراکت و جێگرتوو نین، بۆیه ده‌بینرێت که کولتوری ژێرده‌ست ته‌واو شاراوه نییه و هه‌ستی پێده‌کرێت. له مۆدێلی بازنه‌یی شوالتێر و ئاردینێر تێبینی ئه‌وه ده‌کرێت که شکڵێکی له شێوه‌ی نیوه‌مانگ له ده‌ره‌وه‌ی کولتوری پیاوان واتا کولتوری سه‌رده‌ستدا هه‌یه، کولتورێک له ده‌ره‌وه‌ی کولتوردا، ئه‌و کولتوره‌ی که ئاردینێر به زه‌وی به‌یار ناوی ده‌بات و شواڵتێر به "وڵاتی هیچ که‌س نا، شوێنێک که پیاوان هه‌قیان نییه بچنه ناوی" و ده‌ستیان وێڕاناگات ناوزه‌د‌ی ده‌کات. هاوکات شواڵتێر ئاماژه به‌وه ده‌کات که هیچ نووسینێک له ده‌ره‌وه‌ی کولتوردا نییه و باس له‌وه ده‌کات که نووسینی ژنان به‌رده‌وام خۆی له‌ناو کولتوردا و له ده‌ره‌وه‌ی کولتوردا ده‌بینێته‌وه. ژنان هاوکات خۆیان له دوو ترادیسیۆندا ده‌دیته‌وه که ئه‌وه‌ش له نووسینه‌کانیاندا ره‌نگده‌داته‌وه.کتێبه‌کانی مۆرس،شواڵتێر، گیلبێرت و گیوبار له کۆتایی حه‌فتاکاندا بڵاوبوونه‌وه و کاریگه‌رییه‌کی زۆریان له‌سه‌ر ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیستی له ئه‌مریکا و بریتانیا و ته‌نانه‌ت سوێدیش هه‌بووه. ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی له سوێد له ناوه‌ڕاستی نه‌وه‌ته‌کاندا به شێوه‌یه‌کی گشتی تا ئه‌وکاتیش قۆنا‌غی ته‌قینه‌وه و دۆزینه‌وه‌ی تێیه‌ڕ نه‌کردبوو، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه له ئه‌مریکا لێکۆڵینه‌وه‌ی مه‌یدانی زۆر به‌خێرایی گه‌شه‌ی کرد و ئه‌و لێکوڵینه‌وه مه‌یدانییه بوو به ئامانج بۆ شه‌ڕ و دووباره پێناسه‌کردنه‌وه‌کان. کتێبی پێشه‌نگی ڕۆڵی جنس له ئه‌ده‌بیاتدا له سه‌رده‌می ئانتیکه‌وه تاوه‌کو ساڵی 1960 که کارین وێستمان بێری له ساڵی 1968 چاپی کردووه، کتێبێک بوو پێکهاته له ره‌خنه‌ی ئایدۆلۆژیکی. نامه‌ی دوکتۆراکه‌ی وێستمان بێری که له ساڵی 1962 له‌سه‌ر نووسه‌رێکی پیاو نووسیبووی ره‌نگه شتێکمان ده‌رباره‌ی هه‌لومه‌رجی ئه‌وکاتی سوێد پێبڵێ.، ئه‌و نووسه‌ره‌ی وێستمان بێری نامه‌ی دوکتۆراکه‌ی له‌سه‌ر نووسیبوو س. ج. ل. ئالمکڤیست C. J. L. Almqvistبوو که وه‌ک یه‌کێک له پێشه‌نگه‌کانی دوان له‌سه‌ر پرسی ژنان داده‌نرێت. کاری نوێستمان بێری جگه له‌وه‌ش کتێبێکی ئیدیت کردووه به‌ناوی راڤه‌ی ده‌ق له ڕوانگه‌ی رۆڵی جنسدا(1976) که هه‌روه‌ک ئه‌و لێکوڵینه‌وه ئه‌نتۆلۆگییه‌ی که له نۆروێژ به‌ناوی زمانێکی تر چاپکرابوو سه‌ره‌تای شوروشه‌وق و پێشکه‌وتنی ئه‌و بواره بوون له وڵاتانی باکووری ئوروپادا.
بیرگیتا هۆڵم له کتێبی فرێدریکا برێمێر و له‌دایکبوونی ڕۆمانی بورژوایی(1981) باسی تیۆری سازکراوی گیلبێرت و گیوبار ده‌کات و ئه‌وه نیشان ده‌دات که ئه‌و تیورییه چه‌نده گونجاوه بۆ به‌کارهێنانی له‌سه‌ر ده‌قه سوێدییه‌کان. هۆڵم به هاوکاری چه‌مکی پالیمپسێسی گیلبێرت و گیوبار
نه‌ته‌نیا مانای تا ئه‌وکات نه‌دیتراوی له ڕۆمانی فرێدریکا برێمێردا دۆزیه‌وه، به‌ڵکو جگه له‌وه‌ش هۆڵم ئه‌وه‌ی ده‌ستنیشان کرد که فرێدیکا برێمێر شیاوی جێگایه‌کی به‌رزتره له‌و جێگایه‌ی که له مێژووی ئه‌ده‌بیاتدا پێ به‌خشراوه. له کتێبی ژنانی مۆدێڕنی ڕه‌چه‌شکێن(1983) دا پیل داهلریوپ تێکه‌ڵاوییه‌کی له نێوان هێرشی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیستی بۆ سه‌ر ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی پیاوانه و سازکردنی ئه‌ده‌بیاتی کانوون دروست کرد، له ڕێگای به‌کارهێنانی ره‌خنه‌ی ژێنده‌ری بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ق بدات به نووسه‌رانی ژنی له مێژووی ئه‌ده‌بیدا شاردراوه.
ناوی ئه‌و کتێبه به‌رجه‌سته‌یه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ کتێبی جۆرج براندێ به ناوی پیاوانی مۆدێرنی ڕه‌چه‌شکێن(1883). له‌و کتێبه‌دا براندێ به‌هاوکاری یان که‌ڵکوه‌رگرتن له ئه‌ده‌بیاتی دووسه‌د ساڵی ڕابردووی وڵاتانی ئوروپای باکوور پرۆگرامێکی بۆ ئه‌ده‌بیاتی مۆدێڕن دامه‌زراند. داهلریوپ ئه‌و نۆرم و پێوه‌ره ئه‌رزشیانه‌ی که براندێ کاریان پێده‌کات، بۆ نموونه وه‌ک هۆگری به یه‌کجنسی که هه‌ر له ناوی کتێبه‌که‌ی براندێ ده‌رده‌که‌وێت، ده‌ستنیشان ده‌کات. جگه له‌وه‌ش به‌شێکی گرنگ و بنه‌ڕه‌تیی کتێبه‌که‌ی داهلریوپ بریتییه له پێداچوونه‌وه‌یه‌کی وردی ئه‌و ده‌قانه که ژنانی نووسه‌ری دانمارکی له‌و سه‌رده‌مه‌دا بڵاویان کردۆته‌وه که براندێ خه‌ریکی نووسینی کتێبه‌که‌ی خۆی پیاوانی مۆدێڕنی ڕه‌چه‌شکێنبووه. داهلریوپ له لێکدانه‌وه‌کانی خۆیدا ئه‌وه نیشان ده‌دات که چۆن ئه‌و نووسه‌ره ژنانه خۆیان فۆرمۆله ده‌که‌ن و چۆن گێڕانه‌وهه‌ی نائومێدییه‌کانی خۆیان به شێوه‌یه‌کی چڕ‌و پڕ هاوته‌ریب ده‌که‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌و ئیدیالانه‌ی که براندێ ده‌رباره‌ی نووسیبوون.
هه‌م بیرگیتا هۆڵم و هه‌م پیل داهلریوپ ڕۆڵی سه‌ره‌کیی ئه‌و نووسه‌ره ژنانه که له نوێکردنه‌ه‌ی ئه‌ده‌بیاتدا له سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا هه‌یانبووه نیشان ده‌ده‌ن. ئه‌و نووسه‌ره ژنانه‌ی که له‌و سه‌رده‌مه‌دا مه‌یدانی ئه‌ده‌بیان داگیرکردبوو، هاوکات فۆرمی شێوه‌ی ده‌ربڕینی ئه‌ده‌بیاتیشیان گۆڕی. بیرگیتا هۆڵم له کتێبه‌که‌ی خۆیدا ده‌سته‌واژه‌یه‌ک له پێشه‌کییه ئالیگۆرییه‌که‌ی خێزانی H که یه‌کێ له ڕۆمانه‌کانی فرێدریکا برێمێره دێنێته‌وه، که دواتر ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه لابراوه. له وێدایه که فرێدریکا برێمێر باس له کچێک ده‌کات که به‌بێ ئه‌وه‌ی بڵیتی چوونه ژووره‌وه‌ی بۆ سه‌مای باله‌ی به کۆمه‌ڵ کڕیبێت ده‌یهه‌وێت بچێته ژوور و به‌شدار بێت. ئه‌و کچه له ناوه‌ڕاستی ده‌رگاکه وه‌ستاوه و تامه‌زرۆی چوونه ژووری هه‌یه، هه‌رچه‌نده ئه‌و هیچ له‌و سه‌ما سه‌یرانه‌ی که له‌و ژووره‌دا ده‌کرێن نازانێ، به‌ڵام ته‌نێ به حه‌زی زۆری خۆی له‌سه‌ر سه‌رده‌رگاکه سه‌مایه‌ک که خۆی دایهێناوه ده‌کات. ئه‌و سه‌مایه وا له حه‌زی پیاوێک که به‌لایدا تێده‌په‌ڕێت ده‌کات که پاره بدات به کچه‌که بۆ کڕینی بڵیت و پێی بچێته ژوور. هۆڵم ئه‌و به‌شه به‌و شێوه‌یه ده‌خوێنێته‌وه که ئه‌وه ده‌قاوده‌ق جێگای نووسه‌ری ژنه که هه‌م له‌ناو و هه‌م له ده‌ره‌وه‌ی نۆرم خۆی ده‌بینێته‌وه، به‌ڵام لێکۆڵینه‌وه‌ی سه‌ره‌کیی هۆڵم لێره‌دا له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه که چۆن نووسه‌رانی ژن به‌شداری له سه‌ماکه‌دا ده‌که‌ن له ڕێگای دووباره شکڵدانه‌وه‌ی سه‌ماکه به شێوه‌ی خۆیان. ئه‌و جۆره نوێکردنه‌وه‌یه به‌هۆی لادان له نۆرمه باوه‌کانه‌وه بووه‌ته‌چه‌قی کێکۆڵینه‌وه‌ی ئه‌م به‌رهه‌مانه‌ی خواره‌وه:
کتێبی ئێبا ویت- براتسترۆم له‌سه‌ر نووسینه‌کانی موا مارتینسۆن له ساڵی 1988، کتێبی بیرگیتا سڤانبێریله نووسینی ئه‌گنێس ڤۆن کریوسێنشێرناله ساڵی (1989) و له سنووری وڵات له نووسینی ئێڤا ئادۆڵفسۆن له ساڵی (1991). له کتێبی موا مارتینسۆن: نووسین و ئه‌نگێزه له سییه‌کاندا، ئێبا ویت- براتسترۆم ئه‌وه‌مان نیشان ده‌دات که چۆن موا مارتینسۆن له ناو جه‌رگه‌ی ئه‌و مۆدێرنیزمه گه‌شه‌کردووه و ده‌سته‌به‌ندگه‌لی ژیانویستیانه‌دا، شتی خۆی که ژنانه و ژیانگه‌را بووه نووسیوه. له کتێبی راستی ده‌رباره‌ی ژن دا بیرگیتا سڤان بێری خوێندنه‌وه‌یه‌کمان له زنجیره رۆمانه‌کانی خانمه‌کانی ڤۆن پاهال ی ئه‌گنێس ڤۆن کریوسێنشێرنا ده‌داتێ که وه‌ک دژایه‌تییه‌کی فێمینستی هه‌م به‌رامبه‌ر به مۆدێرنیزمی ئه‌وکات و هه‌م به‌رامبه‌ر به شه‌پۆله‌کانی نازیسم و فاشیزمی، ده‌دیت.
به‌شێکی زۆر له لێکۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیاتی ژنان که له وڵاتانی باکووری ئوروپا و سوێد ئه‌نجامدراون ته‌رخان کراون بۆ ئه‌و ده‌قانه‌ی که له‌لایه‌ن نووسه‌رانی ژنه‌وه نووسراون، به‌ڵام له هه‌مان کاتیش‌دا مرۆڤ بۆته خاوه‌نی ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی که شێوه‌یه‌کی تایبه‌تی بۆ خوێندنه‌وه‌ی ژنانه وه‌دی ده‌هێنێت. له نامه‌ی دکتۆراکه‌مدا به ناویمێژوویه‌کی تر دا (1989) ته‌رکیزم له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌ده‌بیاته کردووه که ژنان له هه‌نگاوی یه‌که‌مدا خوێندویانه‌ته‌وه و هه‌روه‌ها زۆر جاران به‌ڵام نه هه‌موو کاتێ له‌لایه‌ن ژنانه‌وه نووسراون. هه‌روه‌ک نووسه‌رانی ژن، ئه‌و ده‌قه رۆمانتیکانه‌ی که ژنان له هه‌نگاوی یه‌که‌مدا ده‌یانخوێنه‌وه به‌که‌م چاویان لێکراوه و له مێژووی ئه‌ده‌بیاتدا ده‌رهاویشتراون. ئه‌و ئه‌ده‌بیاته رۆمانتیکه وه‌ک شتێکی "ترسناک" به‌رجه‌سته کراوه و به فۆرم و شێوه‌ی جیاواز له‌ناوبردراوه. به‌ڵام له مێژوویه‌کی تر دا تێزێک به‌کار ده‌بردرێت بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و
ده‌قانه‌ی که نووسه‌رانی ژن نووسیویانه، به‌ڵام ئه‌و تێزه‌ش خۆگونجاندنێکی تێدایه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی دژایه‌تی ده‌کات له‌گه‌ڵ ئه‌و نۆرمه سه‌رده‌ستانه‌ی که هه‌ن.
یه‌کێک له کاره هه‌ره به‌رجه‌سته‌کانی ئه‌و بواره هه‌تا له ڕوانگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌ییشه‌وه گرنگ بووه ئه‌و هه‌وڵدانه بووه که بۆ نووسینی مێژووی ئه‌ده‌بی ژنان دراوه، ئه‌ویش به چاپکردنی به‌رهه‌مێک به‌ناوی مێژووی ئه‌ده‌بی ژنانی باکووری ئوروپا له چوار به‌رگدا (1992/1997) بووه. ئه‌و به‌رهه‌مه بریتییه له هه‌موو ئه‌و لیکۆڵینه‌وانه‌ی که یه‌که‌م نه‌وه‌ی لێکۆڵه‌ره‌وه‌ی فێمینیستی له باکوری ئوروپا نووسیویانه. له ڕێگای مێژووی ئه‌ده‌بی ژنان توانراوه ترادیسیۆنی ئه‌ده‌بیاتی ژنان که له ڕابردوودا داپۆشراو و یان شاردراوه بووه، بیخه‌نه روو. له‌و به‌رهه‌مانه‌دا مرۆڤ له‌هه‌مان کاتدا ئه‌وه ده‌بینێت که چۆن ژنان له بواری کۆمه‌ڵایه‌تیدا په‌راوێز کراون و ئه‌و ئه‌و په‌راوێزبوونه کۆمه‌ڵایه‌تییه په‌یوه‌ندییه‌کی به‌هێزی هه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌ده‌بیاتێک که هه‌م له ده‌ره‌وه‌ی ئافراندن و له‌هه‌مان کاتیش‌دا به‌شدارێکی چالاک بووه له باسه‌کانی ئه‌وکاتدا. ناوی به‌شه جۆراو جۆره‌کانی مێژووی
ئه‌ده‌بیاتی باکوری ئوروپا که بریتین له به‌ناوی خوا، ماڵی باوک، جیهانێکی به‌رفراوان و له‌سه‌ر زه‌وی، ده‌ربڕی ڕاده‌یه‌کی خۆشبینانه‌ی پێشکه‌وتنه به به‌راورد له‌گه‌ڵ مێژووی ئه‌ده‌بی شواڵتێر له دوو ده‌یه‌ی پێشتردا. ئه‌و به‌رهه‌مه هه‌ڵوێست، ده‌ستپێک و تێگه‌یشتنه جیاوازه‌کان له کاته جۆراوجۆره‌کاندا ده‌خاته ڕوو که له ده‌قی نووسه‌رانی به‌رجه‌سته‌ی ژن‌دا هه‌ن. ئه‌و به‌رهه‌مانه به گێرانه‌وه‌ی زاره‌کی ژنان به شێعره‌کانی ئێدا [1] له وڵاتی ئیسلاند ده‌ست پێ ده‌کات و دواتر به‌ره‌و پێش ده‌چێت و له گرینلانددا ته‌واو ده‌بێت. له‌وێ ئه‌ده‌بیاتێک که له‌دوای شه‌ڕ گه‌شه ده‌کات له‌لایه‌ن ژنانه‌وه فۆرموله ده‌کرێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام ده‌ستپێکی تازه بخاته به‌رچاو.
لێکۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی به‌شێکی گرنگی فێمینیزمی سیاسی بووه له ساڵانی حه‌فتادا. به‌هاوکاری ئه‌ده‌بیات و ده‌قه‌کان مرۆڤ ده‌یتوانی ئه‌وه نیشان بدات که چۆن گێڕانه‌وه‌ی سه‌رده‌ست ده‌رباره‌ی کۆمه‌ڵگا و جنس داڕشتراوه و فۆرموله کراوه و هاوکات هه‌مان گێڕانه‌وه‌ی سه‌رده‌ست ئه‌و گێڕانه‌وانه‌ی جیاده‌کرده‌وه که گێڕانه‌وه‌ی ئینکار کراو و هه‌ڵاواردراو بوون. ئه‌و شێوه په‌یوه‌ندییه له هه‌شتاکاندا پڕ بوو له کێشه. له تیۆریی سازکردنی فه‌رانسه‌ییدا به‌تایبه‌ت ڕوانگه‌یه‌کی ته‌واو جیاوز له‌سه‌ر ده‌قی ژنان و ئیمکاناتی ئه‌وان بۆ گێڕانه‌وه یان بۆ ده‌ربڕین، و هاوکات شکڵپێدانی ئه‌لترناتیڤێک بۆ لایه‌نه زاڵه‌کانی کۆمه‌ڵایه‌تی دانرا بۆ ده‌رباز بوون له گوتاری سه‌رده‌ست. هه‌رچی له‌وباره‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی ئه‌نگلۆساکسۆنی که له بناغه‌دا ڕوانگه‌یه‌کی گه‌شبینانه بوو له‌سه‌ر توانای ژنان که گوایه ئه‌وان ده‌توانن سه‌رباری هه‌ر شتێک، گوتاری پیاوسالارانه بشکێنن و هاوکات ده‌توانن ئه‌زموونه‌کان و تایبه‌تمه‌ندیی ژنانه‌ی خۆیان ده‌رببڕن. تیۆریسێنه‌کانی فه‌رانسه‌وی وه‌ک لویس ئێریگاری، هێلێن سیسۆ و ژولیا کریستێڤا گوتاری پیاوسالارانه‌یان وه‌ک سیستمێکی یه‌کلایه‌نه monolithباس ده‌کرد. له‌و سیسته‌مه‌دا ژن و ژنایه‌تی بێده‌نگ و به‌رته‌سک کرابوونه‌وه. به بۆچوونی لویس ئێریگاری ئێمه له لۆژیکناوه‌ندێکی پیاوسالاردا ده‌ژین، له‌وێدا به هیچ شێوه‌یه‌ک ڕێگا نادرێت به ژن و ژنایه‌تی که خۆی ده‌رببڕێت. لویس ئێریگاری له کاره سه‌ره‌کییه‌که‌ی خۆیدا به ناوی Spẻculum de Ľ autre femm 1974به وزه‌یه‌کی زۆره‌وه ئه‌و "وه‌کیه‌کبوونه لۆژیکییه" ده‌خاته به‌رچاو که کاره‌که‌ی که‌یت میلێت مان بیرده‌خاته‌وه، ئه‌و "وه‌کیه‌کبوونه لۆژیکه"ی که له‌ناو گوتاری پیاوسالاردا کاری ده‌کات که له ئه‌فلاتونه‌وه ده‌ست پێده‌کات تا دواتر. به گوته‌ی ئێریگاری له‌و گوتاره پیاوسالاره‌دا ته‌نیا یه‌ک جنس هه‌یه. پیاوبوون پێوانه‌ی هه‌موو شتێکه، له جێگایه‌ک که ئه‌و پیاوانه‌ییه نییه ته‌نیا به‌تاڵی و بێده‌نگی هه‌یه.
له کتێبی I La Jeune Nèe 1975هێلێن سیسۆ باس له زمان ده‌کات وه‌ک "مه‌یدانی شه‌ڕێکی گشتی" له‌و مه‌یدانه‌دا "مردن به به‌رده‌وامی له‌کاردا" و ژنایه‌تی به‌رده‌وام وێران ده‌کرێت و ژێرده‌که‌وێت له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ پیاوبووندا. پڕۆژه‌ی سیسۆ و ئێریگاری هه‌ر وه‌ک ڕه‌خنه‌ی ئیدئۆلۆژیکی میلێت وایه، ئه‌وان حه‌ز ده‌که‌ن گوتاری پیاوسالارانه ئاشکرا بکه‌ن و تێکی بشکێنن، به‌ڵام میلێت له ڕێگای جیاوازییه جنسییه‌کان به‌هاوکاری گریمانه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان خۆی فۆرمۆله ده‌کرد. هه‌رچی سیسۆ و ئێریگاری بوون به شێوه‌یه‌کی گو‌نجاو له‌سه‌ر زمان ئیشیان ده‌کرد. تێزی ئێریگاری و سیسۆ زانیاریمان ده‌رباره‌ی زمانی سه‌رده‌ست ده‌داتێ و ده‌ڵێن که ئه‌و زمانه سه‌رده‌سته زیندانێکه بۆ ژن، و ژن ناتوانرێت به‌و زمانه باسی لێبکرێت. به بۆچوونی ئێریگاری و سیسۆ له چوارچێوه‌ی ئه‌و زمانه و تیورییه پیوه‌ندیداره‌کانی ئه‌ودا ژن و ژنایه‌تی زۆر جاران ته‌نێ بۆ مه‌به‌ستی گه‌یاندن، ئه‌وه‌ی که ئه‌مه چه‌مکگه‌لی زمانین و هیچ ئاماژه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ نین به شتێک له ده‌ره‌وه‌ی واقیعدا. له کاتێکدا میلێت حه‌زی ده‌کرد خوێنه‌ر ئاگادار بکاته‌وه ده‌رباره‌ی جیاوازی چه‌مکه‌کان و واقعیه‌ت. سیسۆ و ئێریگاری حه‌زیان ده‌کرد که چه‌مکه‌کان هه‌ڵوه‌شێننه‌وه و له‌ناویان ببه‌ن. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و زمانه پیاوسالارانه و داخراوه‌دا، ئه‌وان نووسینێکی نزیک به‌هه‌ژاندنی ژنانه داده‌نێن. له ڕێگای ئه‌و شێوه نووسینه‌ی که سیسۆ و ئێریگاری ناوی ده‌نێن نووسینی ژنانه ècriture fèminine، ئه‌و نووسینه‌ی که زمانی پیاوسالارانه ریشه‌کێش ده‌کرێ و تێکی ده‌شکێندرێ. به‌و شێوه‌یه جێگا ده‌کرێته‌وه بۆ "ئه‌و ژنایه‌تییه‌ی" که به‌رته‌سك کراوه و ئێمه هه‌رگیز له‌ڕێگای ئه‌و زمانه سه‌رده‌سته ناتوانین بزانین "ئه‌و ژنایه‌تییه" چییه، به‌ڵام کاتێک دێته ده‌ربڕین زمانی سه‌رده‌ست تێکده‌شکێت.
به باوه‌ڕی سیسۆ و ئێریگاری " ژنایه‌تی" و " پیاوییه‌تی" دوو هێزی له‌یه‌کجیا ده‌بیندرێن. تیورییه‌کانی ژولیا کریستێڤا زۆرترین کاریگه‌ریان له‌سه‌ر لێکۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی هه‌م له وڵاتانی ئه‌نگلۆساکسۆن و هه‌م له‌سه‌ر وڵاتانی باکووری ئوروپا و سوێد هه‌یه. کریستێڤا باس له دوو ئاستی زمان ده‌کات که یه‌کیان ده‌به‌ستێته‌وه به "پیاوانه‌یی" و ئه‌ویتریشیان "ژنانه‌یی" ، له راستیدا وه‌کو دوو شوێن و جێگای جیاواز له گه‌شه‌کردنی مرۆڤایه‌تیدا بناغه ده‌گرن. ئاستی "نیشانه‌ناسی" که کریستێڤا به یارمه‌تی تیوری ده‌روونشێکاری به‌هاوژینیی بنه‌ماییانه‌ی دایک و منداڵی ده‌به‌ستێته‌وه و پێی ده‌ڵێ "ژنانه"، بریتییه له زمانێک پێشتر له زمان که تێیدا منداڵه‌که هێشتا نه‌بۆته خاوه‌نی شوناسێک، به‌ڵکو ماناکان له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ رووناکی، تاریکی، گه‌رمی، ساردی و لێدانی دڵ و له‌گه‌ڵ ئه‌زموونه‌کانی تری مه‌کینه‌ی هه‌سته‌کان ساز ده‌کرێ. له کاتی چوونه ناو نه‌زمی سیمبۆلی "پیاوانه"ی زمان واتا "لۆگۆس" پێکهاته ڕێزمانییه‌کان که بۆ په‌یوه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی و دروستکردنی ماناسازی پێویستن و شکڵ ده‌گرن، کاتێک که ده‌بێ به‌رهه‌می ماناداری نیشانه‌ناسانه‌ی "ژنانه" تێبخزێندرێت. کریستێڤا له وتارێکی به‌ناوی La femme, ce ń est jamais Çaله گۆڤارێک‌دا به ناوی Tel Quel 1974ده‌نووسێت: "به باوه‌ڕی من ژن شتێکه که نوێنه‌رایه‌تی ناکرێ و ناتوانرێت ناو ببردرێت، شتێکه که ده‌که‌وێته ده‌ره‌وه‌ی زمان و ئایدۆلۆژییه‌کان." به‌ڵام ئه‌وه به‌و مانایه نییه که "ئه‌و ژنایه‌تی"بوونه له تیوریه‌کانی کریستێڤادا به ته‌واوه‌تی وه‌لاندراو و دوورده‌سته. به بۆچوونی کریستێڤا ئه‌و "ژنایه‌تی"ه له نه‌زمی سیمبۆلیکی زماندا وه‌ک کارکردێکی کارا و به‌هێزی ستروکتوری چه‌مکه جێگرتووه‌کان له ئارادایه. ئه‌مه‌ش خۆی له فه‌زای نێوان بێده‌نگی و پچڕانی به‌رده‌وام له رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی ده‌نگه‌کان و چۆنایه‌تی ریتمیکی ئه‌واندا ده‌رده‌بڕێت. له کاره به‌رجه‌سته‌که‌ی خۆی به‌ناوی La Rèvolution du langage poètique 1974کریستێڤا ئه‌و ئاستی زمانه به
"شیعریی" یان "شاعیرانه" ناو ده‌بات و ده‌یهه‌وێت ئه‌وه نیشان بدات که چۆن "ئه‌و ژنایه‌تییه" به‌شێکی زۆر گرنگه له‌و باره‌وه و گرنگترین شته له‌لای نووسه‌رانی به‌رجه‌سته‌ی وه‌ک جۆیس، ئارتۆد، سێلین و مه‌لارمێ. زۆز که‌س بۆ نموونه له سوێد کریستین یه‌رڤستاد له کتێبی رێنوێنی فێمینیستی (1995)دا ئاماژه‌ی به ئه‌و پارادۆکسه داوه که کریستێڤا له په‌ڕینه‌وه‌ی "ئه‌و ژنایه‌تییه" بۆ ناو کاره‌کانی نووسه‌رانی پیاوادا ده‌یبینێته‌وه. مرۆڤ ده‌توانێت بڵێ که تیۆرییه‌کانی کریستێڤا به زۆر شێوه‌ی جۆراوجۆر ئاڵوگۆڕ و تازه‌کاری له چۆنییه‌تی خوێندنه‌وه‌دا پێکهێناوه و خوێندنه‌وه‌ی تازه‌ی له‌سه‌ر ده‌قی نووسه‌رانی ژن هه‌یه.
فێمینیسته فه‌رانسه‌وییه‌کان به زۆر شێوه‌ی جیاواز پشتیان له فێمینیزمی سیاسی کرد، ئه‌و فێمینیزمه‌ی که له هێندێک بواردا شان به شانی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیستی و لێکۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی ژنان ده‌ڕۆیشت و باسه‌کان له‌سه‌ر ئه‌و تیوریانه واتا ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیستی زیاتر گه‌شه‌ی پێدرا کاتێ ئه‌م تیوریانه وه‌رگێڕدرانه سه‌ر زمانی ئینگلیزی له هه‌شتاکاندا و خوێنه‌ری زۆری بۆ خۆی په‌یدا کرد. ئه‌و تیوریانه به‌شێکی گرنگ بوون بۆ ناسیاسی کردن و ئه‌کادیمی کردنی ئه‌و لێکۆڵینه‌وه مه‌یدانییه‌ی که شکڵی گرتبوو، له پێش هه‌موویانه‌وه له زانکۆکانی ئه‌وکاتی ئه‌مریکادا.
کێن رووتڤێن له کتێبی لێکۆڵینه‌وه‌ی فێمینیستیانه‌ی ئه‌ده‌بی Feminist Literary Studies 1984که مێژووی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیستی ده‌نووسێته‌وه و ئه‌و لێکۆلینه‌وه مه‌یدانیه فێمینیستیه له فێمینیزمی سیاسی جیا ده‌کاته‌وه و ده‌یهه‌وێت ئه‌و بواره بۆ پیاوانیش بکاته‌وه. به بۆچوونی رووتڤێن فێمینیزمی سیاسی ده‌توانێ جیاوازیخوازانه بێت، به‌ڵام ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی ناتوانرێت جیاوازیخوازانه بێت، و ئه‌وه به پێچه‌وانه‌ی بۆچوونه‌که‌ی شواڵتێره که ده‌ڵێ ژنان به‌هۆی ئه‌زموونی خۆیانه‌وه باشتر ده‌توانن ده‌قی ژنان بخوێننه‌وه به به‌راورد له‌گه‌ڵ پیاوان. به‌ڵام ئه‌و ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیستی به سازکردنی تیوریه‌کانی خۆی هه‌موو بناغه‌کانی جیاوازیخوازی له‌ناوبرد و مه‌به‌ستی ئه‌وه بوو که جنس سازکراوێکی کۆمه‌ڵایه‌تییه. گه‌شه‌ی بواری لێکۆڵینه‌وه‌ی مه‌یدانی که جارێک به له ڕه‌خنه‌وه بۆ له‌هه‌ڵڵادان ناوزه‌ده‌کات و دواجار به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سازکراوه جنسییه زاڵه‌کان ناوی ده‌بات، باس له‌وه ده‌کات که ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیستی ده‌بێ بوارێک بێت بۆ ژنان و پیاوان و باس له ده‌قی ژنان و پیاوان بکات.
هه‌ر ئه‌و ساڵه‌ی که کتێبی لێکۆڵینه‌وه‌ی فێمینیستیانه‌ی ئه‌ده‌بی Feminist Literary Studiesی رووتڤێن چاپ بوو، کتێبی سیاسه‌تی سێکسواڵ/ده‌قی Sexual/textual Politicsی تۆری مووا چاپ کرا. ئه‌و کتێبه‌ش هه‌مان نووسینه‌وه‌ی مێژووی ئه‌و بواره بوو، به‌ڵام به هێندێک بابه‌تی جیاوازتره‌وه. مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی مووا ئه‌وه نه‌بوو که ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیستی ئاکادێمیک بکات، هه‌رچه‌نده ئه‌و کتێبه‌ی ئه‌و له کرداردا ده‌ورێکی سه‌ره‌کی گێڕا له‌و بواره‌دا. مۆیس هه‌وڵی ده‌دا له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و ره‌خنه ئه‌نگلۆ ئه‌مریکییه که به بۆچوونی ئه‌و له بناغه‌دا جه‌وهه‌رگه‌را و بایۆلۆژیک بوو سه‌رنج وه‌رگێڕێته سه‌ر ڕه‌خنه‌ی زمانه‌وانیی فه‌ره‌نسی. کتێبه‌که‌ی مووا وه‌بیرهێنه‌ره‌وه‌یه‌کی به‌هێز بوو ده‌رباره‌ی ئه‌وانه‌ی پێشتر له‌و بواره‌دا به زمانی ئنگلۆساکسۆنی کاریان کردبوو. له پێشه‌کی ئه‌م کتێبه‌یدا مووا ته‌رکیزێکی زۆری له‌سه‌ر هه‌ڵسه‌نگاندنه نێگه‌تیڤه‌که‌ی ئێلین شواڵتێر ده‌کات که له‌سه‌ر تێکسته‌کانی ڤیرجینیا وڵفی هه‌بووه له کتێبی ئه‌ده‌بیاتی خۆیاندا A literature of their Ownبه بۆچوونی مووا پێوه‌ره‌کانی شواڵتێر ریالیزم، شوناس، ئه‌زموون، ڕه‌سه‌نایه‌تی وڕاستی وایان له‌و کردووه که نه‌توانێت ئه‌و بنه‌ما گوتارییانه‌ی که ولف ده‌ریانده‌بڕێت، ببینێت. ولف شوناسی تازه نانووسێت، به‌ڵکو ئه‌و شوناسه کۆنه‌کان هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه، به‌ڵام به بۆچوونی مووا شواڵتێر ئه‌وه نابینێت چونکه ئه‌و پێویستی به‌و گریمانانه هه‌یه بۆ باسه‌که‌ی خۆی. ئه‌وه‌ی که به ته‌واوی دژایه‌تی شواڵتێر ده‌کات تیورییه‌کانی ژولیا کریستێڤایه که به‌دوای جێگیرکردن و داخرانی چه‌مه‌که‌کان و شوناسه‌کاندا نیه، به‌ڵکو به پێچه‌وانه‌وه ئه‌ویش هه‌روه‌ک ولف ده‌یهه‌وێت ئه‌و چه‌مکانه بتوێنێته‌وه.
ئه‌و سه‌نگی مه‌حه‌که‌ی تۆریل مووا هه‌ڵیبژاردووه زۆر ستراتێژیک بووه. ڤیرجینیا ولف به زۆر شێوه‌ی جیاواز دایکی نه‌ریته‌کانه. له وتاری ژوورێک له‌مه‌ڕ خۆی A Room Of One"s Own 1929ولف زۆربه‌ی ئه‌و پرسیارانه‌ی باس کردووه که دواتر ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیستی زۆری کار له‌سه‌ر کردووه. لێکۆڵینه‌وه‌ی سیستێماتیکی ئه‌م وتاره له‌سه‌ر ئاسته جیاوازه‌کان و سازگارییه چه‌ند لایه‌نییه‌کان وای کردووه که ئه‌و وتاره ده‌ستپێکێکی باش بێت بۆ ڕه‌خنه له‌سه‌ر هه‌موو ئاراسته‌کانی تیۆرییه سازکراوه‌کان و ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینستی به‌جۆرێ له جۆره‌کان هه‌وڵی داوه تیورییه‌کانی خۆی به ده‌قه‌کانی ڤیرجینیا ولف ببه‌ستێته‌وه.
له قۆنا‌غی سه‌ره‌تای ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیستیدا ته‌رکیز به‌ته‌واوه‌تی له‌سه‌ر ڕوانگه‌یه‌کی نه‌نێرنه‌مێی بوو، وه‌ک ئه‌وه‌ی له کۆتایی کتێبه‌که‌ی ژورێک له‌مه‌ڕ خۆی ڤیرجینیا ولف ده‌بیندرێت. هه‌روه‌ها کتێبه‌که‌ی کارۆلین هێیلبرون به‌ناوی به‌ره‌و نه‌نێر نه‌مێی Toward Androgynyو کتێبه‌که‌ی نانسی تۆپینگ که ناوی ڤیرجینیا ولف و ڕوانگه‌ی نه‌نێر نه‌مێی Virginia Woolf and the Androgynous Visionبوو له ساڵی 1973 چاپکراون، خاوه‌نی که‌سایه‌تییه‌کی یوتۆپییی بوون. ئێله‌ین شواڵتێر که به‌دوای ده‌ربڕینی ژنانه‌دا ده‌گه‌ڕا ئه‌و که‌سایه‌تییه نه‌نێر نه‌مێ بوونه‌ی پێ هه‌ڵاتن و خۆده‌ربازکردن بوو. شواڵتێر ئه‌و لایه‌نه نادیار و ناجێگیرانه‌ی که له ده‌قه‌کانی ڤیرجینیا ولف دا هه‌ن ده‌گێڕێته‌وه بۆ ناتوانایی ولف له به‌یه‌که‌وه به‌ستنی ده‌قه‌کان و ده‌ربڕینی ئه‌زموونه ژنایه‌تییه‌کانی ئه‌و. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش قورساییه‌کی زۆری کتێبه‌که‌ی شواڵتێر له‌سه‌ر ئه‌و وتانه‌یه که ولف له‌سه‌ر گرنگی و ڕۆڵی ئیمکاناته ماددی و مه‌عنه‌وییه‌کان بۆ نووسه‌ری ژن ئاماژه‌یان پێده‌کات. هه‌روه‌ها ئه‌وه ئه‌و بۆچوونه بوو که گیلبێرت و گیوباریش باوه‌ڕیان پێ بوو و هاوکات تیوری جوانیناسانه‌ی ئه‌وان که ده‌توانرێت وه‌ک ئه‌نجامدانی لێدوانێک بخوێندرێته‌وه به‌رامبه‌ر
ئه‌و ئیدیاله جوانیناسییه‌ی که ڤیرجینیا ولف له کتێبی ژورێک له‌مه‌ڕ خۆی دا ئیدیعای ده‌کرد. بۆ ڤیرجینیا ولف ڕۆمانی جه‌ین ئێر- ی شا‌رلوت برۆنتێ ده‌قێکی سه‌رنه‌که‌وتووه و ولف نابودی یان وێرانی ئه‌و ده‌قه‌یه‌ی ده‌گێڕایه‌وه بۆ ئه‌و قیژه‌یه‌ی که ژنه شێته‌که داڵانه‌کانی پێ پڕ ده‌کرده‌وه. ئه‌و قیژه‌یه‌ی که گیلبارت و گیوبار به‌رزیان ده‌نرخاند. ڤیرجینیا ولف ئه‌و کاره‌ی شا‌رلۆت برۆنتێی وا ده‌دیت که " له تووڕه‌یدا نووسیویه‌تی نه له ئاگاییدا". به پێچه‌وانه‌ی بۆچوونه‌که‌ی ولف گیلبێرت و گیوبار پێیان وابوو ئه‌و تووڕه‌بوون و هه‌ڵچوونه گرنگترین به‌شی ڕۆمانه‌که‌یه.
ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیستی له ساڵانی حه‌فتادا به‌شێکی زۆری دیاری کردبوو بۆ ده‌قه‌کانی سه‌د ساڵی رابردوو. و مرۆڤ ده‌توانێت بڵێت که ده‌قه‌کانی ولف پێوانه‌یه‌ک بوون بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی جوانیناسیه‌ک که جیاواز بوو له جوانیناسیی مۆدێرنیستی، ئه‌و جوانیناسییه مۆدێرنیستییه‌ی که ولف خۆی یه‌کێک بووه له‌وانه‌ی فۆرمۆله‌ی کردوه. له رووناکایی تیوریه‌کانی بنه‌ماشکێنی و لێکدانه‌وه‌ی ژێندریانه که له ساڵانی هه‌شتادا زاڵ بوون ڤیرجینیا ولف هاوکات بوو به سه‌رنجراکێشترین نووسه‌ر بۆ لێکۆڵه‌ره‌وه فێمینیسته‌کان. بۆ لێکۆڵه‌ره‌وه‌کانی وه‌ک ماکیکۆ مینۆو_پینکوێی و ڕاچێل بۆلوبی ده‌قه‌کانی ولف ببوونه ده‌ربڕی نامومکین بوونی سیاسه‌تی شوناس، په‌راوێز و سنوورداربوونی "ژنایه‌تی"، هه‌روه‌ک بۆچوونه زمانییه‌کانی که کریستێڤا له کتێبی ڤیرجینیا ولف و کێشه‌ی سۆبژه Virginia Woolf& the problem of the Subjectو کتێبی چاره‌نووسی فێمینیزمدا Feminist Destination 1988. له لێکۆڵینه‌وه‌ی ژیاننامه‌یی فێمینیستیدا که جێگایه‌کی گرنگی هه‌بووه له تیوری ئه‌ده‌بی ئه‌و ده‌یه‌دا دیسان باس له ولف ده‌کرێته‌وه و بۆ نموونه سیدۆنیێ سمیث له کتێبی سوبژه، شوناس و جه‌سته‌دا Subjectivity, Identity, and the Body 1993باس له پێویستی لابردنی "خود"ی نه‌زمی کۆن ده‌کات.
له کۆتایی هه‌شتاکاندا ترازانێک له‌و چه‌مکانه‌دا روویدا که بزووتنه‌وه‌ی فێمینیستی هه‌ر له سه‌ره‌تای په‌یدابوونییه‌وه له خۆیدا جێگای کردبووه. چه‌مکه‌کانی وه‌ک شوناس، سۆبژه، ئه‌زموون، مێژوو و راستی که به‌دواداچوونی بنه‌ماشکێنی له‌خۆیدا تواندبوونییه‌وه، هه‌روه‌ک حه‌زی گوتاریی ده‌سه‌ڵاتی زاڵ بۆ پێکهاته زمانییه‌کان. ده‌قی ئه‌ده‌بی به زۆر شێوه‌ی جیاواز شوێنی خاوه‌ن ئیمتیازی خۆی له‌ده‌ست ده‌دات له‌ناو لێکۆڵینه‌وه‌ی فێمینیستیدا. مرۆڤ پێێ وابوو که ئه‌و جۆره لێکۆڵینه‌وانه ناتوانن چه‌ند گێڕانه‌وه‌یه‌کی ئالتێرناتیڤی بده‌ن به‌ده‌سته‌وه، به‌ڵکو ته‌نیا تێگه‌یشتنێکی قوڵتره ده‌رباره‌ی ئه‌و پیاوسالارییه‌ی که له ئارادایه. به بۆچوونی ئالیس ژاردین له کتێبی بنجوبنه‌وان Gynesis 1985که یه‌کێک بوو له‌و کتێبانه‌ی که سه‌رنجی له‌سه‌ر ئه‌و ژنه واقعی و ده‌قه‌کانی ئه‌و وه‌رسوڕانده سه‌ر هه‌مه‌لایه‌نی کولتوریی ده‌ق یان گوتار، بۆ ئه‌وه‌ی له‌و ڕێگایه‌وه بتوانرێت ببینرێت که چۆن نیشانه‌ی "ئه‌و ژنایه‌تییه" له‌ناو گوتار یان ده‌قدا کار ده‌کات و چۆن " ژنایه‌تیی" سه‌رله‌نوێ ده‌نووسرێته‌وه له زماندا. ناوی کتێبه‌که‌ی ژاردین بۆ خۆی جێگای باسه و ناوی کتێبه‌که ڕووی باسه‌که‌ی له جینۆکریتیسیزمی ئیلێن شواڵتێره. بۆ ژاردین ئه‌و فێمینیزمه‌ی شواڵتێر و فێمینیسته‌کانی ساڵانی حه‌فتا ده‌ربڕینێکی زیاترن بۆ دووباره بیرکردنه‌وه‌ی پیاوسالارانه که ئه‌وان پێیان وابوو دژی تێده‌کۆشن. به گوته‌ی ژاردین " ژنایه‌تیی " ده‌بێ سه‌رله‌نوێ بنووسرێته‌وه و ئه‌وه ئه‌و پرۆسێس و گه‌وره‌ییه ده‌قییه یۆتۆپیاییه نه‌ناسراوه‌یه که له زماندا ده‌نووسرێت و ژاردین ئه‌وه ناوده‌نێت " gynesen".
ئه‌و ئاڵوگۆڕانه‌ی له‌ناو فه‌لسه‌فه و ره‌خنه‌ی فێمینیستیدا له ساڵانی هه‌شتادا روویدا تایبه‌تمه‌ندییه‌کی پارادۆکسانه‌ی هه‌یه و هاوکات " ژنایه‌تیی" ده‌که‌وێته جه‌رگه‌ی نه‌ته‌نیا باسه‌کان له‌ناو فێمینیسته‌کاندا به‌ڵکو به‌هه‌مانڕێژه ده‌که‌وێته ناو باسی فه‌یله‌سوفه به‌ناوبانگه‌کانی وه‌ک دریدا، ژیل دێلوز، ژان بۆدلێر و باس له‌سه‌ر ژنی دیاریکراو یان کۆنکرێت کۆتای پێ دێت. ئیتر ئه‌وه ده‌قی ژنان نییه که ده‌بێته که‌ره‌سه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ی مرۆڤ، به‌ڵکوو ئه‌وه "ژنایه‌تییه" که له گوتاری ده‌قی و کولتوری و له چوارچێوه‌ی فێمینیزمدا که ژن بۆ خۆی، یاخود وه‌ک جنس به‌رهه‌می ده‌هێنێ، ده‌بێته ئه‌و ده‌قه‌ی که مرۆڤ ده‌یخاته به‌ر لێکۆڵینه‌وه. له‌ناو ئه‌وانه‌ی که زۆر له‌وه زیاتر په‌ره‌ی به ئه‌و بواره داوه جۆدیس باتلێر_ه، که یه‌کێکه له ئه‌ستێره هه‌ره گه‌شاوه‌کانی پۆست فێمینیزمی ئه‌مریکاییه له ساڵانی هه‌شتادا. له کتێبه‌ی خۆیدا به ناوی گرفتی ژێندر Gender Trouble 1990هه‌موو ئه‌و بۆچوونانه ره‌ت ده‌کاته‌وه که ده‌ڵێت شتێک له ده‌ره‌وه‌ی زماندا هه‌یه. به بۆچوونی باتلێر ژنایه‌تی ده‌قیقه‌ن وه‌ک پیاوه‌تی، هۆمۆسێکسوالیتی و هه‌موو ئه‌و شوناسانه‌ی تریش هیچ شتێک نین جگه له گوتار. هیچ ژێرده‌رێک نییه، هیچ شتێک له پێش زمان و ئه‌و سیستمه نیشانه‌ییه‌ی ئێمه کاری پێ ده‌که‌ین له ئارادانیه‌ه. هیچ شتێک له پاش زمان و له ده‌ره‌وه‌ی زماندا نیه. هه‌موو شتێک گوتاره و ته‌نیا شتێک که ئێمه ده‌توانین ده‌رباره‌ی جنس بیکه‌ین گه‌ڕان و کارکردنه له گوتاری ژێندردا.
له به‌شی کۆتایی هه‌شتاکاندا زۆر ده‌نگی ڕه‌خنه‌یی دژ به‌و ڕه‌وته‌ی که به‌سه‌ر بواری لێکۆڵینه‌وه‌ی ژناندا زاڵ بوو، به‌رزبۆوه. ژا‌نێت تادJanet Toddمێژوونووسینه‌که‌ی خۆی که ناوی مێژووی ئه‌ده‌بیی فێمینیستی Feminist Literary Historyکه له ساڵی 1988 چاپی کردبوو، وه‌ک داکۆکییه‌ک ناوی ده‌برد. له‌و کتێبه‌یدا تاد پێشنیاری بۆ لێکدانه‌وه‌ی ده‌ق ئه‌وه بوو که گرنگی بدرێت به لایه‌نی مێژوو و ئه‌زموون له جێگای ئه‌و به‌تیۆریکردنه زاڵه‌ی که هه‌یه. ده‌بێ لێکۆڵینه‌وه به‌ستێنییه‌کان ده‌ست پێبکرێنه‌وه تاوه‌کو لێکدانه‌وه‌یه‌کی سیاسیانه بێته‌ئاراوه که له ئه‌ودا چه‌مکێکی وه‌ک ئه‌زموون ده‌توانرێت به‌کاربهێنرێته‌وه. له سوێد ناسازگاری و به‌ربه‌ره‌کانێ هه‌بوو له نێوان ئه‌و شته‌ی که به جه‌وهه‌رگه‌ریی ناوزه‌د کراوه، به واتایه‌کی تر باوه‌ڕ به بایه‌خ و تایبه‌تمه‌ندییه ناوخۆی و نه‌گۆڕه‌کان، وه لێکۆڵینه‌وه‌کانی پێشتری سوێدی له‌م بواره‌دا و ئه‌و سازکردنه سیستماتیکه‌ی که له‌ناو لێکۆڵینه‌وه‌ی ژێندردا ره‌نگی دابۆوه. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م مه‌سه‌له‌یه هه‌رگیز به‌و راده‌یه به‌رجه‌سته نه‌بوو وه‌ک ئه‌وه‌ی
له ئه‌مریکادا هه‌بوو. به شێوه‌یه‌کی تر مرۆڤ ده‌توانێت بڵێ که ڕه‌خنه‌ی فه‌رانسه‌وی له ڕوانگه‌ی ژێندریدا له‌گه‌ڵ ڕه‌خنه‌ی نه‌نێرنه‌مێ دا ته‌واو که‌ری یه‌کتر بوون و ئه‌و ڕوانگه‌یان نوی کردۆته‌وه.
له نامه‌ی دوکتۆراکه‌ی ئێبا ویت براتسترۆم که کاریگه‌ری کریستێڤای پێوه دیار بوو، براتسرۆم له ڕێگای تیورییه‌کانی ژولیا کریستێڤاوه به شێوه‌یه‌کی به‌رچاو ئه‌و ژنایه‌تی، سه‌رپێچیکه‌ریی و تایبه‌تمه‌ندییانه له ده‌قه‌کانی موا مارتینسۆندا ده‌خاته ڕوو. هه‌روه‌ک تیورییه‌کانی ئالیس ژاردین له لێکدانه‌وه‌کانیی ئێڤا ئادۆڵفسۆندا که له "وڵاتی سه‌رسنوور"1991 دا بڵاوی کردۆته‌وه. له‌و لێکدانه‌وه‌یه‌شدا پێ له‌سه‌ر ده‌قی نووسه‌رانی ژن وه‌ک سنوورتێپه‌ڕ و خاوه‌ن هێزی نوێکه‌ره‌وه داده‌گیرێت. له کتێبی رێنوێنییه باوه‌کانی فێمینیستدا 1995 بۆ نموونه تیوریه‌کانی جۆدیس باتلێر که له‌لایه‌ن سارا دانیوسوه ده‌ناسێندرێن، سه‌رنج ده‌خرێته سه‌ر دژایه‌تییه‌کان له نێوان جه‌وهه‌رگه‌رایی و سازکردندا و هه‌ڵوێستێکی توند به‌رامبه‌ر به جه‌وهه‌رگه‌رایی ده‌گیرێ. وتاره‌کانی ناو ئه‌و کتێبه هه‌مان پێشبینیان هه‌یه که له لێکۆڵینه‌وه‌ی ژنان له پێشتردا هه‌بووه. ئه‌و کتێبه کاری کرده سه‌ر باشترکردنی نه‌ریتی مێژووی ژنان، نه‌ریتێک که به‌سه‌ر لێکۆڵینه‌وه‌ی سوێدی له‌و بواره‌دا به‌رده‌وام زاڵ بووه.
ده‌رئه‌نجامه‌که‌ی ژا‌نێت تاد بۆ مێژووی ئه‌ده‌بی ژنان له کۆدا فۆرمۆله کرابوو، واتا "مێژووه‌کانی ئه‌ده‌بی ژنان". تاد نه‌یده‌ویست پاساو بێنێته‌وه بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌ر ئه‌و گشتگیرییه‌ی که له‌ناو به‌شێکی زۆری لێکۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی ژناندا هه‌بووه، که له‌واندا پیتی سه‌ره‌تای ووشه‌ی ژن "ژ" به گه‌وره نووسراوه و ته‌ئکیدی له‌سه‌ر کراوه‌ته‌وه، به‌ڵکوو ئه‌وه‌ی تاد ده‌یویست بیکات لێکدانه‌وه‌یه‌کی ته‌واوی گێڕانه‌وه‌کانی مێژووی ئه‌ده‌بیات بووه. له کۆتای هه‌شتاکاندا و به‌تایبه‌ت له نه‌وه‌ده‌کاندا مرۆڤ دیسان کارپێکردنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیات ده‌بینێ له‌ناو لێکۆڵینه‌وه‌کانی فێمینیستاندا، به‌تایبه‌ت له‌ناو که‌مینه گروپه‌کاندا. به‌تایبه‌ت به هه‌مان شێوه‌ی که فێمینیستانی ساڵانی حه‌فتا ده‌یانکرد، فێمینیسته‌کان له نه‌وه‌ده‌کاندا کاریان له‌سه‌ر ئه‌ده‌بیات ده‌ستپێکردوه و ده‌یانویست له ڕێگای ئه‌ده‌بیاته‌وه چۆنییه‌تی کارکردنی ئه‌و گێڕانه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تییه زاڵه‌ی که هه‌یه نیشان بده‌ن، به‌ڵام به به‌کارهێنانی بنه‌ما تیورییه نوێکان. له کتێبی سازکردنه‌وه‌ی ژنایه‌تیReconstructing Womanhood 1987که نووسینی مێژووی ئه‌ده‌بیاتی ژنانی ئه‌مڕۆی ئه‌مریکایه و هازێل کاربی Hazel V.Carbyنووسیویه‌تی، شوناس یان مێژوویه‌کی تر ناناسێندرێت، به‌ڵکوو کاربی ده‌یهه‌وێت نیشان بدات که چۆن چه‌مکی (ژن)، (سپی) و (ڕه‌ش) له ده‌قه ئه‌ده‌بییه‌کاندا کار ده‌که‌ن. به‌هه‌مان شێوه ئێڤا کۆسۆفسکی سێدگویک له میانه‌ی لێکدانه‌وه‌ی ده‌قه ئه‌ده‌بییه‌کاندا له کتێبی له‌نێوان پیاوان دا Between Men 1985دا به شوێن ئه‌وه‌دایه که چۆن تابۆی هۆمۆسێکسوێل ورده ورده له ده‌قه ئه‌ده‌بییه‌کاندا له ڕێنسانسه‌وه بۆ ئه‌ولاوه جێگیر کراوه، به جۆرێک که له سه‌ده‌ی نۆزده‌دا بوو به سنوورێک که مرۆڤ لێی ده‌رباز نه‌ده‌بوو.
له نه‌وه‌ده‌کاندا مرۆڤ تێبینیی حه‌زێکی تازه‌ی ده‌کرد بۆ سه‌ر په‌یوه‌ندیی سۆبژه‌ییانه له ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیدا. له کتێبی ڕه‌خنه‌ی چڕدا The intimate critique 1993ژا‌نێت تۆمپکینس له وتاره‌که‌ی خۆیدا به ناوی من و سێبه‌ره‌که‌ی من Me and My Shadowهاواری ئازادبوونی ده‌ق ده‌کات له ده‌ست ته‌واو یه‌کڕه‌نگیی تیوری. له کتێبی Getting Personalکه نانی ک. میلێر نووسیویه‌تی و کتێبی and Rightsکه پاتریسیا ویلیا‌م نووسیویه‌تی، هه‌ردووی ئه‌و کتێبانه له ساڵی 1991 دانووسراون، مرۆڤ ده‌توانێت بزانێت که چۆن گێڕانه‌وه‌ی ژیاننامه‌یی که له فێمینیزمی حه‌فتاکاندا زۆر باو بوو، دیسانیش ده‌بێته‌وه جێگای متمانه، به‌ڵام، ئه‌مجاره‌یان، ئه‌م جۆره گێڕانه‌وه‌یه نه‌بووه بنه‌مایه‌ک بۆ سازکردنی تیۆری یاخود پێوه‌رێکی بایه‌خدانان، به‌ڵکو له ڕاستیدا بوو به دیاریکه‌ری ئه‌و شوێنه‌ی مرۆڤ له‌وێوه قسه ده‌کات و هه‌روه‌ها بوو به سه‌نگی مه‌حه‌ک و بناغه‌یه‌ک بۆ ئه‌و گه‌ڕانه به‌رده‌وامه‌ی که هه‌بوونی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیستی پێکدێنێت.
*تێبینی:ئه‌م وتاره له‌وه پێش له سایتی رێنێسانس نیوزدا له لایه‌ن وه‌رگێڕه‌وه بڵاو كراوه‌ته‌وه و ئیستاش خۆی به مافی كۆپی رایتی خۆیه‌وه خستوویه‌تیه به‌ر ده‌م خوێنه‌رانی ڕاسان. بڵاو كردنه‌وه‌ی وتارگه‌لی زانستی ژنانی كورد مایه‌ی شانازییه بۆ راسان و ده‌ستخۆشی له خاتوو تیشكه ده‌كه‌ین و به هیوای چاپی به‌رهه‌مه‌كانی تریشی له ژماره‌كانی داهاتووی ڕاسانداین.
ژێده‌ره ئه‌ده‌بییه‌کان:
1. كتێبی "تیوری مۆدێرنی ئه‌ده‌بی، له فۆرمالیزمی رووسیه‌وه تا بناغه‌شکێنی"(1991) که ئیدیتۆره‌کانی کلاس ه‌نتزێنبێری و سیسیلیا هانسۆن-ن، له‌م کتێبه دا به‌شێک بۆ ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیستی ته‌رخان کراوه و یه‌کێک که له‌وێدا جێ ده‌گرێت وتاره‌که‌ی ئێلین شواڵتێره به‌ناوی "ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیستی له زه‌وی به‌یاردا". به‌ڵام جگه له‌وه‌ش چه‌ندین ده‌قی ده‌روونشێکارانه‌ش له‌ناو ئه‌و کتێبه‌دا جێ ده‌گرن.
2. بیروبۆچوونی فێمینیزمی فه‌رانسه‌ویی" (1987) که ئیدیتۆره‌که‌ی تۆریل مووایه که پێکهاتووه له ناساندن و کورته‌ی تێکسته‌کانی فێمینیسته فه‌رانسه‌وییه‌کان. له هێندێک له وان بۆ نموونه به‌شێک له تێکسته‌کانی ژولیا کریستێڤا کراونه سوێدی، جگه له‌وه‌ش وتاره درێژه‌که‌ی کریستێڤا که ده‌رباره‌ی نووسه‌رایه‌تی سێلین دایه کراوه‌ته سوێدی(1992). هه‌روه‌ها "ئه‌خلاقی جیاوازیی جنس و ده‌قگه‌لی تر" (1994) که له‌لایه‌ن لوس ئێریگاری نووسراوه.
3. فێمنیسته‌كان” که ئیدیتۆره‌که‌ی لیسبێت لارشۆن-ه که به‌شێکی زۆر له ده‌قگه‌لی تیوریسێنه سه‌ره‌کییه‌کانی ژیندری له خۆی گرتووه، له ئالیس ژاردینه‌وه تاوه‌کوو جۆدیس باتلێر. له کتێبی "ڕێنوێنییه فێمینیستیه‌دکان"(1995) که ئیدیتۆره‌کانی کلایودیا لیندێن و ئولریکا میلێس-ه، له‌و کتێبه‌دا کۆمه‌ڵێک لێکدانه‌وه و لێدوانی تێدایه که ڕوانگه‌ی تیۆریسسیه‌نه‌کانی وه‌ک ئالیس ژاردین و باتلێر و ئه‌وانی تریشی تێدا ڕه‌نگده‌داته‌وه.
4. بۆ لێکدانه‌وه‌یه‌کی وردتر له‌سه‌ر ده‌قه‌کانی نووسه‌رانی ژن کتێبی "مێژووی ئه‌ده‌بیاتی ژنانی باکووری ئوروپا" که پێنج به‌رگه ده‌ستپێکێکی باشه. له‌م کتێبه چه‌ند به‌رگه‌دا مرۆڤ گه‌وره‌ترین شێوه‌ی‌کارکردنی به‌کۆمه‌ڵ ده‌بینێ له‌سه‌ر لیکۆڵینه‌وه له بواری ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیستیدا. به‌شی پێنجه‌می به‌ناوی "ژیان و به‌رهه‌م"(2000) به هۆی لایه‌نه فاکتاییه‌کانی ژیاننامه‌یی و بیبلوگرافیایی، سه‌ره‌تایه‌کی باش بۆ کاری به‌رده‌وام مسۆگه‌ر ده‌کات. (تیۆری ئه‌ده‌بی: سه‌ره‌تایه‌ک)
ناوی کۆمه‌ڵێک له کتێبه‌کان به ئینگلیزی
Toward Androgyny
Virginia Woolf and the Androgynous Vision
Virginia Woolf & the problem of the Subject
Feminist Destination
Subjectivity,Identity, and the Body
Gender Trouble
Feminist Literary History
Reconstructing Womanhood
Between Men
The intimate critique
Me and My Shadow
Alchemy of Race and Rights
Getting Personal
Feminist Literary Theory. A Reader
Finding Female Tradition
Do Women Write Differently
French Feminist Thought
Gender and Genre
Stabat mater och andra texter
Fasans makt
En essä om abjektion
سه‌رچاوه:
Litteraturvetenskap – en inledning
(تیۆری ئه‌ده‌بی: سه‌ره‌تایه‌ک)
Lisbeth Larsson
نظرات
ارسال یک نظر