دوای سیانزه ساڵ له چاپی یه‌كه‌م ژماره‌ی ڕاسان له مانگی گوڵانی ساڵی ١٣٨٤ی هه‌تاویدا له شاری سنه و ناوچه كورده‌وارییه‌كان، راسان دیسان پێ ده‌نێته‌وه پانتای كه‌لتووری و چاپه‌مه‌نییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، به‌ڵام ئه‌مجاره به شێوه‌ی ئانڵاین. به هۆی ده‌ستپێڕاگه‌یشتنی ژماره‌یه‌كی زۆر له هاووڵاتیانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به ئینته‌رنێت، پێمان وایه ڕاسانی ئانڵاین ده‌توانێ خوێنه‌ره‌كانی خۆی بدۆزێته‌وه و بگاته به‌رده‌ستیان. له‌دایك بوونه‌وه‌ی ڕاسان له مانگی گوڵانی ٢٧١٨ی كوردی، ١٣٩٧ی هه‌تاوی، و ٢٠١٨ی زایینی‌دا به مه‌به‌ستی تایبه‌تمه‌ند بوونی گۆڤارێك به ژنانی كوردی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه تا له‌وێدا گشت ژنان به بێ دڵه‌راوكێ له سانسۆڕ و قه‌زاوه‌تگه‌لی پانتای رۆشنبیریی نێرسالار، بنووسن و بیر‌و بۆچوونه‌كانیان ده‌ربڕن. له‌ڕاستیدا ئه‌مه هه‌رله بنه‌ماوه هۆكاری چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕاسان له ساڵی ١٣٨٤دا بوو.
ڕاسان هه‌ر گۆڤارێكی تایبه‌ت به چینێكی دیاریکراوی رۆشنبیریی (ئینته‌لیجێنسیا(intelligentsia و تاكی رۆشنبیر( ئینتێلێكچواڵ intellectual) نیه تا ته‌نیا پڕ بێت له وتاری زانستی له ئاستێكی به‌ره‌وسه‌رتر له تێگه‌یشتنی ژنانی ئاسایی كۆمه‌ڵگا. ئێمه له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ین كه چیرۆكه‌كانی ژنانی ئاسایی كۆمه‌ڵگا زۆر زۆر به نرخن و ڕاستی چیرۆكه‌كانی ئه‌وانه كه پشتڕاستكه‌ره‌وه یا ره‌دكه‌ره‌وه‌ی تیۆرییه زانستی و رۆشنبیرییەکانە. جگه له‌وه‌ش زۆربه‌ی هه‌ره زۆری ئه‌و تیۆریانه‌ش رۆژئاوایین و رۆشنبیری خۆمان خاوه‌ن به‌رهه‌مێك له‌و باره‌وه نین و هه‌ر لاسایی كه‌ره‌وه‌ن. هه‌ربۆیه ڕاسان تریبوونێك ده‌بێ بۆ گشت ژنانی كۆمه‌ڵگا به بێ جیاوازی و به بێ هه‌ڵسه‌نگاندنی ئاستی خوێنده‌واری و رۆشنبیری.
ئێمه پێ ناخه‌ینه جێ پێی فه‌زای رۆشنبیری پیاوسالار تا به چاوێكی خۆبه‌زلزانانه قه‌ڵه‌می ژنان له ڕوانگه‌ی خۆمانه‌وه هه‌ڵسه‌نگێنین و وتار و چیرۆكه‌كانی ژنان به لزگەی ئاست نزمی ره‌ت كه‌ینه‌وه‌و چاپیان نه‌كه‌ین، بەو هیوایە کە به‌شكم دنیای پیاوسالاری رۆشنبیریی كوردی چه‌پڵه‌مان بۆ لێبدات، پشت چاوێك ناسك كاته‌وه و خۆبەزلزانانە پێمان بڵێت "ژنانیش خه‌ریكن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن به ئاستی 'ئێمه' بگه‌ن!". نه‌خێر، ئاستی 'ئێوه' ستانداردی ئێمه نییە. له‌ڕاستیدا، دنیای پیاوسالاری رۆشنبیری و فه‌رهه‌نگی كوردی هه‌ر وه‌ك پانتای پیاوسالاری سیاسیمان پڕه له هه‌ڵه و ناكامی. ئێمه نامانه‌وێ وشیارانه دووپات كه‌ره‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵانه بین. دیاره ئه‌م دێڕانه واتای ئه‌وه نییە كه پیاوان ناتوانن له ڕاساندا بنووسن. به پێچه‌وانه‌وه پیاوانیش ده‌توانن وتاره‌كانیان له‌سه‌ر ره‌خنه زانستییەکان له سیسته‌می نێرسالار له سۆنگه‌ی جیاوه‌زه‌وه، بۆ ڕاسان بنێرن. بێگومان ده‌نگی ئازای پیاوانی ڕه‌خنه‌گه‌ری پێوره‌كان و به‌هاكانی سیسته‌می نێرسالار ده‌توانێ یارمه‌تیده‌رێكی گه‌وره‌ی بزاڤی یه‌كسانیخوازی جینسییه‌تی بێت.
به گشتی، ڕاسان له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌یه كه هه‌ر ژنێك به بێ چاوه‌ڕوانی پاداش ده‌توانێ یارمه‌تیده‌ری ژنێكی تر بێت. ئه‌و ژنه‌ی تریش دیسان به هه‌مان شێوه یارمه‌تیده‌ری ژنێكی تر. رۆژێك هه‌مان ژنانی یارمه‌تیدراو خۆیان یارمه‌تیده‌ری یارمه‌تیده‌ران ده‌بن. به‌و شێوازه‌یه كه ده‌توانین خۆمان ژنان هه‌وڵ بده‌ین به بێ منه‌ت، یه‌كتر به‌توانا و په‌روه‌رده كه‌ین. ژنی به‌توانا، كۆمه‌ڵگایه‌ك و دوایه‌ش نه‌ته‌وه‌یه‌ك و ته‌نانه‌ت جیهانێكیش به‌توانا ده‌كات. له رێگای توانمه‌ندیدا پێویستمان به هزرو عه‌قڵی خۆ-ڕێبه‌ره تا له سێبه‌ری نێرسالاری رزگارمان كات. بێگومان نێرسالاری نه‌ك ته‌نیا له مێشكی پیاوان، به‌ڵكوو له مێشكی ژنانی په‌روه‌ده‌كراوی كۆمه‌ڵگای نێرسالاریشدا قه‌تیس بووە‌و كار و كاتی پێویسته تا ئه‌و رسووبانه له مێشكی تاك به تاكی كۆمه‌ڵگامان بشۆردرێته‌وه. حاشا هە‌ڵنه‌گره له‌م رێگادا هه‌ڵه‌ش ده‌بێت، به‌ڵام گرینگ ناسینی هه‌ڵه‌كان، ئه‌زموون وه‌رگرتن و دووپات نه‌كردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كانه.
دوا وته، ڕاسان هه‌روه‌ك جاران به دوو زمانی كوردی و فارسی چاپ ده‌كرێت و له داهاتووشدا به پێی پێویست زمانی ئینگلیسیشی پێ زیاد ده‌كرێت. هه‌روه‌ها له سه‌ره‌وه ئاماژه‌ی پێدرا، راسان تریبوونی گشت ژنان و گشت جنسییه‌تاكانی خوازیاری یه‌كسانی جنسییه‌تییه. جا بۆیه داوا له گشت یه‌كسانیخوازانی جنسییه‌تی و به‌تایبه‌ت له ژنانی كۆمه‌ڵگا ده‌كه‌ین كه وتاره‌كان و چیرۆكه‌كانی خۆتانمان بۆ بنێرن، چ ده‌قی تێزی زانكۆتان بێت، چ وتاری فه‌رهه‌نگی، كۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری و سیاسی، چ چیرۆكی ژیانی پڕ له ئه‌زموونتان. چیرۆكه‌كانتان، شرۆڤه و ته‌حلیلتان له هه‌رشتێك كه بۆتان گرینگه و دڵتان ده‌خوازێ له‌سه‌ری بنووسن، هه‌مووی لای ڕاسان گرینگن. وه‌رن با له قه‌زاوه‌تی ئه‌و‌انی دیكه له‌سه‌ر وتاره‌كان و نووسینه‌كانمان شه‌رم نه‌كه‌ین و نه‌ترسین و به‌و بۆنه‌وه خۆمان سانسۆر نه‌كه‌ین. هه‌ر نووسه‌رێكی سه‌ركه‌وتوو رۆژێك تازه‌كار بوه و له جێگایه‌كه‌وه ده‌ستی پێكردوه، درێژه‌ی پێداوه‌و ئه‌زموونی زیاتر‌و زیاتر بوه. گرینگ ئازایه‌تی نووسین و ڕاده‌ربڕینه. ئازادی ده‌ربڕینی بیروڕا مافی سه‌ره‌كی و بێ ئه‌ملاولای گشتمانه.
رۆیا و رۆژیار
نظرات
ارسال یک نظر